کێبڕکێی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی جێنشینی دۆناڵد تڕەمپ لە ناو حزبی کۆماری بە گەرمی دەستی پێکردووە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کەوتووەتە ژێر هێرشێکی تووندی میدیاییی باڵە نەریتییەکانی حزبەکەی.
ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئهكسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەڵمەتێکی توندی دژی جەی دی ڤانس دەست پێکردووە. ئەم ڕۆژنامەیە وەک یەکێک لە دەنگە سەرەکییەکانی باڵی پارێزگارە نەریتییەکانی ئەمریکا دەبینرێت.
بهپێی ئهكسیۆس، ئەم هێرشانە هەوڵێکی پێشوەختەیە بۆ لاوازکردنی ڤانس کە وەک میراتگری سیاسیی تڕەمپ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەبینرێت. ئەم ململانێیە نیشانی دەدات کە هێشتا باڵێکی بەهێز لە ناو حزبی کۆماری ئامادە نین ناسنامە نوێیەکەی تڕەمپ قبووڵ بکەن.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕەخنەی تووند لە ڤانس دەگرێت و دەڵێت: "ئەو زیاتر سەرقاڵی بەبازاڕکردنی کتێبە نوێیەکەیەتی. ڤانس وەک پێویست گرنگی بە کاروبارە حکوومەتییەکان و بەرنامە یاسایییەکانی حزبی کۆماری نادات."
هەروەها ڕەخنە لە هەڵوێستەکانی ڤانس لەبارەی سیاسەتی دەرەوە دەگیرێت، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئێران و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ تاکەر کارڵسن. ڕۆژنامەکە ڤانس تۆمەتبار دەکات بەوەی زیاتر خەریکی دروستکردنی وێنەیەکی سیاسییە بۆ خۆی تاوەکوو ئەرکە جێبەجێکردنەکانی.
لە بەرامبەردا، لایەنگرانی جەی دی ڤانس ئەم هێرشانە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن: "ئەو پەیڕەوی لە ستراتیژییەکانی تڕەمپ دە کات. هێرشی باڵە نەریتییەکان دە بێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ڤانس لە ناو لایەنگرانی ڕاستەقینەی حزبی کۆماریدا."
ئەم ململانێیە نیشانی دەدات کە حزبی کۆماری لەبەردەم شەڕێکی قووڵی فیکریدایە بۆ قۆناغی دوای دۆناڵد تڕەمپ. جەی دی ڤانس وەک بەردەوامیدەر بە ڕێبازی تڕەمپ دە بینرێت، لە کاتێکدا باڵە کۆنەکان هێشتا داوای گەڕانەوە بۆ سیاسەتە کلاسیکییەکان دە کەن.
شایانی باسه، ئامانجی سەرەکیی جەی دی ڤانس و تیمەکەی ئەوەیە کە ڤانس بۆ جێنشینی ڕاستەقینەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2028 خۆی ئامادە بکات. لە ناو حزبی کۆماریی ئەمریکادا ململانێیەکی قووڵ هەیە، چونکە لایەنگرانی تڕەمپ دەیانەوێت ڤانس ڕێبەرایەتیی داهاتووی حزبەکە و وڵات بگرێتە دەست.
ئهمه لهكاتێكدایه، جەی دی ڤانس لە ئێستاوە وەک بەهێزترین بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا کار دەکات و بنکەی جەماوەریی خۆی فراوان دەکات. ئەم هێرشانەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش نیشانی دەدەن کە شەڕی گەیشتن بە کۆشکی سپی بۆ ساڵی 2028 لە ناو حزبی کۆماریدا زۆر زوو دەستی پێكردووە.