لە کاتی هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی وڵاتی یۆنان، دوو هەلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە خۆیان بەیەکتردا دەکێشن و ڕووداوێکی گەورە ڕوو دەدات.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاند، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی دارستانەکانی یۆنان لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، دوو هەلیکۆپتەر کە هەڵگری ئاو بوون، بە هەڵە لێک نزیک دەبنەوە و خۆیان پێکدادەکێشن، لە ئەنجامدا دانەیەکیان تێکدەشکێت و دەکەوێتە خوارەوە.
ئاگرەکە ڕۆژی هەینی (31ی تەممووز) لە هەرێمی ڤیۆتیا دەستی پێکرد و بەهۆی ڕەشەبای بەهێزەوە بەرەو شاخی کیتایرۆن و ناوچەکانی پۆرتۆ جێرمێنۆ و پساتا بڵاوبووەوە، ئەم ناوچەیە یەکێکە لە هەرێمە هەستیارەکانی یۆنان بەرامبەر ئاگرە دارستانییەکان و لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار تووشی ئاگرکەوتنەوە گەورەکان بووە.
هاوکات، ئاگرەکان لە دوورگەی کەفالۆنیا و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئاتیکاش بوونیان هەیە و بوونەتە هۆی ڕاگواستنی هەزاران کەس، بەپێی دەسەڵاتدارانی یۆنان، زیاتر لە 100 ماڵ لە دەوروبەری ئەسینا سووتاون و سەدان ئاگرکوژێن بە یارمەتی هێزەکانی فەرەنسا و ڕۆمانیا بەردەوامن لە هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان.
یۆنان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی توندی گەرما و وشکەساڵیدایە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ئاگرە دارستانییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا. بەپێی دەسەڵاتدارانی ئاگرکوژێنەوە، تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەیان ئاگر لە ناوچە جیاوازەکاندا تۆمار کراون و هێزەکانی ڕزگارکردن بەردەوامن لە هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنیاندا.