لە دەریای جاڤای ئەندەنووسی، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەلەمێکی گەشتیاریدا کۆمەڵە کەسێک گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 40 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوەی ئەندەنووسیا ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بەلەمێکی گەشتیاری لە دەریای جاڤا، لە نزیک دوورگەی مادورا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی جاڤای ئەندەنووسیا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 41 کەسیش بێسەروشوێنن، لە کاتێکدا 225 کەس ڕزگار کراون.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە، بەلەمەکە لە شاری سوورابایا لە جاڤای ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ماکاسار لە سولاوێسی باشوور دەچوو کە ئاگرەکەی تێدا هەڵگیرسا، هەندێک لە گەشتیاران بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان خۆیان خستووەتە ناو دەریاوە و لە لایەن بەڵەمێکی نزیکەوە ڕزگار کراون.
دەسەڵاتدارانی ئەندەنووسیا جەختیان کردەوە کە تیمەکانی فریاگوزاریی دەریایی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ونبووەکاندا، لە کاتێکدا چەند بەلەمێکی دیکەش لە ناوچەکە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەشداری لە هەڵمەتی گەڕانەکەدا دەکەن.
دەریای جاڤا یەکێکە لە گرنگترین دەریاکانی ئەندەنووسیا کە دەکەوێتە نێوان دوورگەکانی جاڤا لە باشوور و بۆرنیۆ (کالیمانتان) لە باکوور، سوماترا لە ڕۆژئاوا و سولاوێسی لە ڕۆژهەڵات. ئەم دەریایە ڕووبەرەکەی نزیکەی 320 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.