بەهۆی هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، ژمارەیەکی زۆری کوژراو و بریندار هەن کە زۆربەیان تەرمەکانیان لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا ماونەتەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی (وەفا) ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، 10 کەس کوژراون کە لەوانە 2 منداڵ و دایکێک هەن، هەروەها چەندین کەسی دیکەش بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لە هێرشێکی درۆنی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێکی شاری مەواسی لە خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە، 5 کەس بریندار بوون کە 3یان منداڵ بوون، هاوکات لە ئەنجامی بۆمببارانکردنی شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە تاوەری ئەلسوسی لە ناوچەی بەندەر لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، 2 کەسی دیکە کە یەکێکیان منداڵ بوو، گیانیان لەدەستدا.

 

وەفا ئاشکراشی کرد کە لە دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ڕێکەوتی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 تاکو ئێستا، ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە 73,356 کوژراو و 174,185 بریندار، کە لە ژن، منداڵ، گەنج و بەساڵداچووان پێکهاتوون.

 

هەروەها کۆی گشتیی کوژراوەکان لە دوای ئاگربەستەکەی 11ی تشرینی یەکەمەوە بۆ 1,230 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 4,076 کەس؛ هاوکات کۆی گشتیی تەرمە دۆزراوەکان گەیشتووەتە 804 تەرم، ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییەکان هێشتا لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا ماونەتەوە، بەهۆی ئەوەی تیمەکانی فریاکەوتن ناتوانن دەستیان پێ بگات.