دادگایەکی لێکۆڵینەوە لە عێراق، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، بڕی 20 ملیار دیناری عێراقی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی وەرگرتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویکردەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، لە دۆسیەکی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا بڕی 20 ملیار دیناری عێراقی وەرگرتەوە.
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دا هاتووە، ئەم وەرگرتنەوەیە لە ئەنجامی تاوانەکانی گەندەڵی دارایی، کارگێری و تاوانەکانی ساختەکاری دارایی بووە، هاوکات دەشڵێت: "ڕێوشوێنی یاسایی بەردەوام دەبێت لە دژی ئەو کەسانەی ڕێگەی نایاسایی بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی قازانج، کە زیان بە سامانی گشتی دەگەیەنن."
بەگوێرەی ئامارەکانیش، تەنها لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ژمارەی دەستگیرکراوان لە چەند دۆسیەکی جیاوازدا گەیشتە 47 کەس.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی لە دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاون بەردەوامە و میکانیزمی تووند بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی کە براون دەگرێتەبەر.