سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دا و ئاماژەش بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی دەکات.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، ئەمریکا ئامادەبوو بەشێوەیەک هێرش بکاتە سەر ئێران، کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە جیهان شتی وای بەخۆیەوە نەدیوە، بەڵام سەرەڕای ئەمە، لەلایەن ئێران و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێ کراوە هێرشەکان بووەستێنن بۆ جێبەجێکردنی چوارچێوەی رێککەوتنێک.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ترەمپ، ڕێککەوتنەکە کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی ئێران لەخۆ دەگرێت.

ترەمپ جەخت دەکاتەوە، لەسەر ئەم داواکارییە، بڕیاری داوە لەپێناو داهاتووی جیهان و مانەوە و سەرکەوتنی ئێران، هێرشەکان بووەستێنێت و تا بە خێرایی ڕێککەوتنێک بکەن.

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "بۆ ئەم ئەرکە ئیسرائیل لەگەڵم دەبێت، هەمووتان بۆ سەر کار، با تەواوی بکەین (ڕێککەوتنەکە)."

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی تۆڕی سی بێس نیوزی ئەمریکی، محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە هۆشداری لە دژی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران پێداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئوردن، قودس و بەغداوە هۆشدارییان لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە داوە و داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکەن ناوچەکە جێبهێڵن.