چاوان سۆران، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کردنەوەی دوکانی پۆشاکەکەی و ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی کرابوون، بڵاو کردەوە. ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگدانەوەیەکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر شێوازی دەرکەوتنی و هەندێک ڕووداوی ناو دوکانەکەی دروست ببوو.

 

ئەمڕۆ چاوان سۆران، هاوسەری دکتۆر عه‌بدوله‌تیف سەلەفی، ڕابەری باڵای ڕەوتی سەلەفی لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە ڕایگەیاند، کردنەوەی ئەم دوکانە بە ڕەزامەندیی هاوسەرەکەی بووە، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە چەند مەرجێکی دیاریکراوی بۆ دانراوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە ئەوە بووە کە ئافرەتان جلوبەرگی شەرعی لە لای ئافرەت بکڕن نەک پیاوان، تاوەکو حورمەتی شەرعی بپارێزرێت.

 

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، دکتۆر عه‌بدوله‌تیف ئەم مەرجانەی خوارەوەی وەک بنەمای سەرەکی بۆ کردنەوەی دوکانەکە دیاری کردبوو:

1. دانەنیشتنی چاوان سۆران بە هیچ شێوەیەک لە ناو دوکانەکەدا.

2. تەنیا و تەنیا فرۆشتنی جلوبەرگی شەرعی کە لەگەڵ بنەما ئایینییەکاندا بگونجێت.

3. بەدوورگرتنی دوکانەکە لە هاتنی پیاوان بە هەموو شێوازێک و تایبەتکردنی تەنیا بە ڕەگەزی ئافرەت.

4. پابەندبوونی تەواو بە هەموو بنەما و ڕێنمایییەکانی شەریعەتی ئیسلام لە هەموو قۆناغەکانی کارکردندا.

 

چاوان سۆران لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووه‌، بەهۆی ئامادەبوونی لەناکاوی هەندێک لە ڕاگەیاندنکاران لە کاتی کردنەوەی دوکانەکەدا، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بارودۆخەکە و چاوپێکەوتنی میدیایی ئەنجام داوە. جەختی کردەوە کە ئامانجی لەم چاوپێکەوتنانە ڕیکلام کردن نەبووە بۆ کارەکەی، بەڵکو ویستوویەتی ئەو دەنگۆیانە بەدرۆ بخاتەوە کە باسیان لە هەبوونی کێشە لە نێوان ئەو و هاوسەرەکەیدا دە کرد.

 

ناوبراو دە ڵێت ئەو دەنگۆیانەی باس لە تۆرانی ئەو دە کەن بوختانن و دووپاتی کردەوە کە دکتۆر عه‌بدوله‌تیف 'تاجی سەریەتی' و شانازیی پێوە دەکات. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەو و خێزانەکەی دکتۆر زۆر باشتر دە ناسن لەو کەسانەی کە بە وتەی ئەو قین لە دڵ و لە خودا نەترسن.

 

سەبارەت بەو ڕەخنانەی لەسەر جۆری پۆشاکەکان گیرابوون، چاوان سۆران دانی بەوەدا نا کە هەندێک سەرپێچی وەک بوونی 'عەبای نەخشێنراو' و 'تێکەڵاوبوون' ڕووی داوە. ئەو ڕایگەیاند کە ئەم ڕووداوانە لە بەرنامەی ئەواندا نەبووە و بەهۆی هاتنی بێ ئاگاداریی ڕاگەیاندنکارەکانەوە دروست بووە، و جەختی کردەوە کە هەندێک لەو جلانەی بینراون لە بنەڕەتدا بۆ ناو کۆڕی ئافرەتان بوون نەک بۆ دەرەوە و بەرچاوی پیاوان.

 

هاوسەری دکتۆر عه‌بدوله‌تیف بە ڕاشکاوی داوای لێبووردنی لە هاوسەرەکەی کرد، چونکە ئەو ڕووداوانە پێچەوانەی مەرجەکانی ئەو بوون و بوونە هۆی ئەوەی 'نەیاران' هەل بۆ پەلاماردانی دکتۆر بقۆزنەوە. هەروەها داوای لێبووردنی لە هەموو قوتابییان و خۆشەویستانی هاوسەرەکەی کرد کە بەهۆی ئەم بابەتەوە تووشی نیگەرانی و دڵگرانی بوون.

 

چاوان سۆران جەختی کردەوە کە دکتۆری هاوسەری بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو ڕووداوانە نە بووە و پێی ڕازی نە بووە. لە کۆتاییدا ناوبراو پەیمانی نوێ کردەوە کە چیتر ئەم جۆرە هەڵانە دووبارە نەبنەوە و بە تەواوی پابەندی ڕێنمایییەکانی شەرع و مەرجەکانی هاوسەرەکەی دەبێت، و پێش هەموو لایەکیش داوای لێخۆشبوونی لە خودای گەورە کرد.