لە تۆڵەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، کوهیت و ئوردن، ئەمریکا و سعودیە هێرشیان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی کەناڵی الحورە، هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر گرووپە چەکدارییەکانی عێراق لە 29ی تەممووزی 2026دا، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی لە لایەن گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق، کە هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئوردن و کوێت.
بەپێی ناوەڕۆکی ئەو بابەتەی کەناڵی الحورە کە بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن رێکخراوی 'حەرەکەی نوجەبا' ئەنجام دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو رێکخراوە بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی ڕانەگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بەپێی جوگرافیا دابەشکرابوون بۆ دوو زۆن و بەجۆرێک فڕۆکەکانی سعودیە هێرشەکانی باشووری عێراقیان ئەنجام داوە و فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی عێراق هێرشیان کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، پێش هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیە، حکومەتی عێراق ئاگاداربووە لە نیگەرانییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەبارەی هێرشە درۆنییەکان، هەر بەو هۆیەش لێکۆلینەوەکانی دەستپێکردووە لەگەڵ ئەو گرووپانە، بەڵام هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیە چاوەڕوان نەکراوە بووە و کۆتایی بە هەموو شتێک هێناوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەی حەشدی شەعبی، لە هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیە، 20 چەکدار کوژراون و 32 چەکداریش بریندار بوونە، ئەمە جیا لە کوژرانی پێنج راوێژکاری ئێرانی کە لە نێو چەکدارانی حەشدی شەعبیدا بوونە.