لە دوای ئەو شەپۆلە کۆچبەرییەی کە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ سنووری ئیسپانیایان بەزاند، یەکێتیی ئەورووپا و چەندین وڵاتی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ ئیسپانیا ڕاگەیاند و هێزەکانیان لە بارودۆخی ئامادەباشیدا دانا، کە بەهۆی ئەمەشەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی توندیان لێ گیرا.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا ڕایگەیاند، لە دوای ئەو بەزاندنە بەکۆمەڵەی کە لە سنووری نێوان مەغریب و وڵاتەکەی ڕووی دا لە ڕێکەوتی 31ی تەممووزی 2026دا، ڕێکارە ئەمنییەکانی لەسەر سنووری سەبتە توند کرد و زیاتر لە 48 هەزار کۆچبەریشیان ڕەوانەی وڵاتی مەغریب کردەوە.

 

هاوکات کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئاژانسی فرۆنتێکس ڕایانگەیاند، کە تیمی ئەمنی ڕەوانەی سبتە دەکەن، لەگەڵ دابینکردنی بودجەی باری لەناکاوی ئەورووپی بۆ ئیسپانیا تا خەرجییە ئەمنییەکانی بپۆشێت، یەکێتیی ئەورووپا جەختیشی کردەوە کە سنووری ئیسپانیا سنووری تەواوی ئەورووپایە و بە ناوی تەواوی 27 وڵاتی ئەندامەوە پشتگیری لە ئیسپانیا دەکەن.

 

لەلایەکی دیکەوە، حوکمەتی ئیتاڵیا بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئیسپانیا ڕاگەیاند و تیمی ئەمنی ڕەوانەی شاری سەبتە کرد، هەروەها وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان و قوبرس پشتگیریی خۆیان بۆ ئیسپانیا دەربڕی و هێزەکانی چاودێریی سنووری خۆیان خستە ئامادەباشییەوە تا ڕێگری لە گۆڕینی ڕێڕەوی قاچاخچێتی بەرەو سنوورەکانیان بکەن.

 

لە بەرامبەردا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی هیومان ڕایتس وۆچ ڕەخنەیەکی توندی لە ئیسپانیا و یەکێتیی ئەورووپا گرت بەهۆی بەکارهێنانی هێز و گەڕاندنەوەی دەستبەجێی (دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ)ی کۆچبەران بۆ وڵاتی مەغریب و گوتی: "دیپۆرتکردنەوەی خێرا بەبێ هەڵسەنگاندنی کەیسی تاکەکەسی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی 1951ی پەنابەرانە".

 

فرۆنتێکس ئاژانسی فەرمیی پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی یەکێتیی ئەورووپایە، لە ساڵی 2004دا دامەزراوە و بنکەی سەرەکیی لە وارسۆی پۆڵەندایە. ئەرکی ئەم ئاژانسە بریتییە لە پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، هاوکاریکردنی وڵاتانی ئەندام لە کاتی قەیرانە سنوورییەکاندا بە دابینکردنی هێز و کەرەستەی ئەمنی، هەروەها تێکدانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی.