پۆلیسی هەولێر لەبارەی ڕووداوەکەی کوشتنی 'ڕێکۆ ڕەشید خەیلانی' هاتە دەنگ و هۆکاری کوشتنی ئاشكرا کرد.

ئەمڕۆ هەینی، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی باداوەی هەولێر، هێزەکانیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵينەوە، دەرکەوت کە تۆمەتباری سەرەکی بەرەو شاری دهۆک هەڵهات بوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، توانراوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.

لەبارەی هۆکاری کوشتنییەوە، پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "کێشەيەکی خوێنداریی" بووە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و ڕێکارە یاساییەکان بەردەوامن.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دیاریکراوی کاتژمێر 3:00، کەسایەتی دیاری نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیییەکان 'ڕێکۆ ڕەشید خەیلانی' لە کاتی ڵایڤێکی تیکتۆکدا و لەکاتی هاتنەوەی بۆ ماڵ لەگەڵ دوو لە منداڵەکانی، لەلایەن شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو دەستڕێژی گوللەی لێکرا و بە 5 فیشەک کوژرا.



بە گوتەی برای 'ڕێکۆ ڕەشید خەیلانی'، کە بۆ پایتەخت میدیا قسەی کردووە، پێشووتر "دوژمندار"ـیان لەگەڵ هەندیک کەس هەبووە، بەڵام کۆن بووە و چەندین ساڵە بێ کێشە بوون، جەختیشی کردەوە، کە 'سوڵحی عەشایەری" ناکەن و دەیانەوێت یاسا سەروەر بێت.