بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی، کۆمپانیای 'بی ئێم دەبلیو' هەزاران کارمەندی خۆی دەردەکات.

میدیاکانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، بەڕێوەبەران و نوێنەرانی کارمەندانی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی جۆری 'بی ئێم دەبلیو' دوای چەندین ڕۆژ لە کۆبوونەوە گەیشتنە ڕێککەوتنێک لەسەر پڕۆگرامێکی 'وازهێانانی خۆویستانە'. پڕۆسەی کەمکردنەوەی کارمەندەکان لە مانگی 10ـی ئەمساڵ دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی 2027، پلانەکە بۆ کەمکردنەوەی 8 هەزار کارمەندی کۆمپانیایەکەیە.

کۆمپانیای 'بی ئێم دەبلیو' 150 هەزار کارمەندی لە سەرانسەری جیهان هەیە، لەم ڕێژەیەش 84 هەزاری لە ئەڵمانیایە، پڕۆگرامی 'وازهێانانی خۆویستانە' بۆ نزیکەی 40 هەزار کارمەند بەردەست دەبێت، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بەرهەمهێنانەوە نییە.

پڕۆگرامەکە بەتایبەت بۆ ئەو کارمەندانە کراوە، کە لە پلەی بەڕێوەبەر، پەرەپێدەرانی توێژینەوە و بەشەکانی پلان دانان دان. هەر کارمەندێک ئەو پڕۆگرامە قبووڵ بکات، بۆ ماوەیەکی کاتی بەگوێرەی بڕی مووچەی پێشووتر و پلە و ماوەی خزمەتەکەی لە کۆمپانیایەکە بڕە پارەیەکی وەک قەرەبوو بۆ دیاری دەکرێت.

لە مانگی شەشی ئەمساڵ کۆمپانیای 'بی ئێم دەبلیو' ڕێژەی فرۆشتن و پێشبینی قازانجەکانی بۆ 2026 کەم کردەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی داخوازی لەسەر بەرهەمەکانیان لە بازاڕی چینی. کۆمپانیاکە ئاماژەی بە گرتنەبەری ڕێکاری دیکەی تووند دا وەک وەڵامێک بۆ باجە گومرگییەکانی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی خەرجی و فشار لە کێبڕکێ جیهانی دا.