فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا ڕێکاری تووند لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی زیان و ساتی بۆردوومانکردنی بنکەکانیان لە کەنداو دەگرێتەوە بەر.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشكرای کردووە، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە، ئێران ڤیدیۆی سەربازانی ئەمریکا بەکاردەهێنێت تا خەملاندن بۆ سەرکەوتوووی هێرشەکانی خۆی بکات، بەگوێرەی ئەم فەرماندەیە، میدیا چاودێرەکانی ئێران ڤیدیۆ و ڕاپۆرت بڵاودەکەنەوە، کە لە کاردانەوە، وێنە و ڤیدیۆی سەربازە ئەمریکییەکان پێکدێت.
براد کووپەر هۆشداری داوە کە باجی بەردەستبوونی ئەم زانیارییە هەواڵگیرییانە بۆ ڕای گشتی، لەدەستانی ژیانی سەرباز و هاووڵاتییانی ئەمریکییە لە وڵاتانی کەنداو کە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج، بۆیە داوا دەکات "سەرنجی تەواو بخەنەسەر چڕکردنەوەی ڕێکارە ئەمنی و ئاسایشییەکان.
لەلایەکی دیکەوە دوو سەرچاوەی ئاگاداری ئەم بابەتە، بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە ئوردن بە هەندێک سەربازی ئەمریکی گوتراوە لە ڕۆژانی داهاتوو مۆبایلەکانیان لێ دەستێندرێن، سەرچاوەیەکی دیکەش دڵنیایی دا کە ئەم ڕێکارە نوێیە بۆ هەموو ناوچەکە ڕەچاو کراوە بە هۆکاری ئەمنی، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی جێبەجێکردنییەوە نەدراوە.
فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سەربازێکی ئەمریکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام کردووە، ئەو کاتەی لەلایەن ئێرانەوە لە بنکەی ئاسمانی 'مۆفەق سەڵتی' لە ئوردن بۆردوومان دەکرێن، لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت سەربازەکە چۆن و لە کوێ بەرەو پەناگە هەڵدێت، ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە بەبێ بوونی ئەم ڤیدیۆیانە زۆر ئەستەمە ئێران دڵنیا بێتە لە پێکانی ئامانجەکانی، چونکە سوپای ئەمریکا سوود لە تەکنیکی شەپۆلی ئەلیکترۆنی (electronic jamming) و شێوازەکانی دیکە بۆ تێکدانی سیستەمەکانی دوژمن وەردەگرێت.
ئەم ڕێکارە نوێیەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ماوەیەکە ئێران بەردەوام بنکە ئاسمانییەکانی ئوردن دەکاتەوە ئامانج، پێشووتر واشتن کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن لە ئەنجامی هێرشێکی ئێران ڕاگەیاندبوو، دوێنێ پێنجشەممەش 30-7-2026 سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی بنکەی ئاسمانی (ئەلئەزرەق)ـی ئوردن، سێ فرۆکەی جەنگی جۆری F-35ـی ئەمریکا بەتەواوی تێکشکێندران و زیانی گەورەش بە ژمارەیەکی دیکەی فرۆکە گەیەندران.