بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز، عێراق تووشی کورتهێنانی دارایی بووەتەوە، بەوهۆیەوە ئەم مانگە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی وڵاتەکە دوا دەکەوێت.

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ئاشکرای کردووە، لەم مانگە کورتهێنانێکی دارایی گەورەیە لە بەردەم پێدانی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق مانگانە پێویستی بە 7 تریلیۆن و 800 ملیار دینار هەیە.

وەزیری دارایی عیراق بە نوێنەر حەیدەر ئەلموتەیری گووتووە، کورتهێنانی دارایی ئێستا بە نزیکەی 3.3 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، وەزارەتی دارایی بەم دواییانە نزیکەی 3 تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچەی هەندێک وەزارەت تەرخانکردووە، لەئێستاشدا کار بۆ دابینکردنی پارەی پێویست دەکات بۆ دابینکردنی مووچەی وەزارەت و ئەو دامودەزگایانەی کە ماونەتەوە مووچەیان پێ بدێت.

 لەلای خۆیەوە، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، حکومەت مانگانە پێویستی بە 10.8 ترلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە گشتییەکان، لە کاتێکدا داهاتی وڵات لە هەناردەکردنی نەوت تەنیا نزیکەی 2.5 ترلیۆن دینارە، ئەم بۆشاییە ئابوورییەش بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی بازرگانییە لە گەرووی هورمز.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ ئێران، داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکە کردبوو ڕێگە لە تێپەڕبوونی کەشتی نەوتهەڵگری عێراق لە گەرووی هورمز نەگرن، بەڵام بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ئاگادار کە بۆ ماڵپەڕی ئەلحوڕە قسەیان کردبوو، بەرپرسانی ئێران لە بەرامبەر ئەم داواکارییە زەیدی، هیچ وەڵامێکی ڕوونیان نەدابوویەوە، نە داواکارییەکەیان قبووڵ کردبوو نە ڕەتیشیان کردبوویەوە، بەڵام سەرچاوەکە پێشبینی دەکات ئێران هەڵوێستێکی  "نەرێنی" هەبێت.