کتێبخانەیەکی گشتی لە ئوسترالیا کتێبێکی وەرگرتەوە کە دوای نزیکەی 150 ساڵ لە وادەی دیاریکراوی خۆی گەڕێنراوەتەوە، لە کاتێکدا بەهۆی نەمانی تۆمارە کۆنەکانەوە هیچ ڕێگەیەک بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسە نییە کە کتێبەکەی بردووە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆوشیەتد پرێس لە زاری بەڕێوەبەری کتێبخانەی کیاما لە ئوسترالیا بڵاوی کردەوە، کە کتێبێک لە دوای 150 ساڵ لە دەرکردنی لە کتێبخانەکە گەڕێندراوەتەوە. هاووڵاتییەک لە کاتی نۆژەنکردنەوەی ماڵەکەیدا، لە ناو ئاگردانێکی بەکارنەهاتووی کۆن کە بە خشت داخرابوو، ئەم کتێبەی دۆزیوەتەوە و گەڕاندوویەتییەوە بۆ کتێبخانەکە. ئەم ڕووداوە لە ناو کۆنترین دۆسیەکانی گەڕانەوەی هاوشێوە لەسەر ئاستی جیهان پۆلێن دەکرێت.
ئەم کتێبە مێژووییە ناوی 'شوێنەوارەکانی ئەسینا'یە و لە ساڵی 1858دا چاپ کراوە، یەکێکە لە بەرهەمە مێژووییە ناسراوەکان کە لە لایەن جەیمس ستیوارت و نیکۆلاس ڕێڤێتەوە نووسراوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە شوێنە مێژووییەکان، پەرستگەکان، پەیکەرەکان و بینا کۆنەکانی ئەسینا و شارەکانی یۆنان دەکات و بە وێنە و نەخشەی ورد، ئاسەوارە باستانییەکان دەناسێنێت، بۆیە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی مێژووی هونەر و تەلارسازیی یۆنان دادەنرێت.
یاساکانی کتێبخانەکە لە ساڵی 1872دا ڕێگەیان نەدەدا بە کەسانێک کە لە دۆخی سەرخۆشیدا بن بچنە نێو بیناکەوە، هەروەها تەنیا ئەو خێزانانە دەیانتوانی کتێب ببەنە دەرەوە کە لانی کەم 6 ئەندامی خوێندەواریان هەبووبێت. ئەم گۆڕانکارییە یاسایی و کارگێڕییانە جیاوازیی گەورەی نێوان ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە و سەردەمی ئێستا نیشان دەدەن.
بەهۆی ئەم دواکەوتنە درێژخایەنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسان، پێویست بوو بڕی 28,000 دۆلاری ئوسترالی وەک غەرامە وەربگیرێت کە دەکاتە 19,500 دۆلاری ئەمریکی، بەڵام بەهۆی ونبوونی تۆماری بەکارهێنەرانی ئەو سەردەمە، مەحاڵە بزانرێت کێ کتێبەکەی بردووە، بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانەکە بڕیاری داوە کتێبەکە بخرێتە مۆزەخانەی مێژوویی ناوخۆیی و چیتر بە قەرز نەدرێتە کەس.
کتێبخانەی کیاما یەکێکە لە کۆنترین کتێبخانە گشتییەکانی ئوسترالیا، کە لە ساڵی 1872 لە شارۆچکەی کیاما لە پارێزگای نیو ساوس وێڵز دامەزرا. لە سەرەتادا نزیکەی 1,000 کتێبی هەبوو و بووە ناوەندێکی گرنگ بۆ خوێندنەوە و فێربوونی خەڵکی ناوچەکە.