بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندی شۆفێران
چۆن بڕیارە نوێیەکە بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە؟
پیرباڵ یاسین - ڕۆژنامەنووس
کێشەی بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی لەگەڵ هاتنی گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا، تەنها بابەتێکی دارایی سادە نەبوو، بەڵکو بارگرانییەکی ڕاستەوخۆ و قورس بوو لەسەر شانی شۆفێران، فەرمانبەران و کاسبکارانی ئەم هەرێمە. کاتێک جیاوازیی نرخی بەنزینی حکومی (750 دینار) و بەنزینی نۆڕماڵی ئەهلی (1350 دینار) بۆ پڕکردنەوەی باکێک (30 لیتر) بگەیشتە زیاتر لە 17 هەزار دینار، ئاسایی بوو کە ناڕەزایەتییەکان لە شەقامدا تەقینەوە و میدیاکانیش ببنە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕەخنە و گلەیییانە.
لە وەڵامی ئەم گزوگۆڵەیەی بازاڕ و بۆ سووککردنی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان، سەرۆکی حکومەت مەسروور بارزانی بڕیارێکی گرنگی دا بە دابەزاندنی نرخی بەنزینی نۆڕماڵ لە 1350 دینارەوە بۆ 850 دینار. ئەم بڕیارە نەک هەر بارگرانیی دارایی کەمکردەوە، بەڵکو خەڵکی لە نۆرەگرتنی درێژی ژێر تیشکی خۆری هاوین ڕزگار کرد و جۆرێک لە ئاسودەیی بۆ شۆفێران گەڕاندەوە.
بەڵام ئەوەی جێی تێبینی و سەرنجە، هەڵوێستی بەشێک لە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن بوو. لەجیاتی پێشوازیکردن لە بڕیارێک کە ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی هاووڵاتیی کەمدەرامەتدایە، ئاراستەی گوتاری خۆیان گۆڕی بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن بەنزینخانەکان و هێنانی بیانووی ئەوەی گوایا تووشی زیان بوونەتەوە. لە ڕاستیدا لە دەق و ڕوانگەی ئابووریی دروستدا، کەمبوونەوەی ڕێژەی قازانجی زۆر و ناڕەوا، هەرگیز بە مانای زیان و زەرەر نایەت.
خستنەڕووی زانیاریی ناڕاست و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری بە مەبەستی تێکدانی دۆخی دەروونیی خەڵک، دوورە لە پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەگەریی ئەکادیمی. وەک چۆن لە وتە بەنرخەکەی عیسای مەسیحدا (د.خ) هاتووە: "ئەوەی لە دەمەوە دەچێتە ژوورەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە مرۆڤ گڵاو دەکات، چونکە لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت". پێویستە ڕۆژنامەنووسی بەرپرسیار هەمیشە بەرژەوەندی گشتی ب خاتە سەرووی هەموو ململانێیەکی سیاسییەوە.