Banner
پایتەخت

بڕیارێکی بەپەلە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن

 بڕیارێکی بەپەلە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
کورتە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و چاپ و بڵاوکردنەوە گشتاندنێکی ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی و گشتاندنێکی نوێی پابەندبوون بە بنەما پیشەییەکانی ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی میدیای بینراو و بیستراو کرد، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ڕێزگرتن لە یاسا بەرکارەکان لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە ئەمنییەکاندا.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان گشتاندنێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان و ڕووداوە ئەمنییەکاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان بن.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر 4 خاڵی سەرەکی کراوەتەوە، کە بریتین لە: پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و وێنەی ناڕاست کە ترس دروست دەکەن، پابەندبوون بە وەرگرتنی زانیاری تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە، پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و ڕێگریکردن لەو ڕووماڵانەی دەبنە هۆی گرانبوونی نرخەکان، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک بەپێی ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014 دەکرێت.

ئەم گشتاندنە لە کاتێکدا دێت کە دوێنێ شەو هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشی درۆنی بوویەوە، هەروەها وەزارەتی ڕۆشنبیری پێشتریش جەختی لە گرنگیی هاوسەنگیی نێوان ئازادیی ڕادەربڕین و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵگە کردووەتەوە.

18 تەمموز 2026 13:33
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026