لەمەودوا بەرهەمهێنانی هەر کارێکی هونەری لە جۆری فیلم، دراما و شانۆگەری کوردی کە کارەکتەری ئەمنی یان پۆلیسی تێدا بێت، پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەختە دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم لە نووسراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی تێبینی چەند حاڵەتێکی پیشاندانی کارەکتەری پۆلیس بە شێوازی نەشیاو لە فیلم، دراما و شانۆگەرییەکاندا، بڕیاری نوێ دەرکراوە. 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە، ڕێگری لەم دیاردەیە بکەن و بە هیچ شێوەیەک ڕەزامەندی بە بەرهەمهێنانی ئەو کارانە نەدەن کە مۆڵەتی پێشوەختەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسیان نییە، بەو پێیەی سووکایەتیکردن بەم پێکهاتانە بەپێی ماددەی 226ی یاسای سزا دەبێتە هۆی لێپرسینەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بەدواداچوونێکدا تیشکی خستبووە سەر گرنگیی ڕێکخستنەوەی ناوەڕۆکی هونەریی تایبەت بە هێزەکانی ناوخۆ.