پایتەخت

عه‌جاج دانینا به‌ كۆمه‌ڵكوژی كورد

عه‌جاج دانینا به‌ كۆمه‌ڵكوژی كورد
کورتە

بڕیاری لەسێدارەدان بۆ جەلادەکەی نوگرە سەلمان په‌سه‌ند كرا؛ دانینا به‌ ته‌واوی تاوانه‌كانی و لێره‌ ورده‌كاریی بخوێننه‌وه‌.

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کۆتاییهێنا بە لێکۆڵینەوەکانی کەیسی تاوانباری کۆمەڵکوژی 'نوگرە سەلمان' و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، ئەمەش دوای سەلماندنی تێوەگلانی لە کۆمەڵێک تاوانی دڕندانە دژی کورد، کە بووەته‌ هۆی کوژران و بێ سەرووشوێنبوونی سەدان کەس لە بیابانەکانی باشووری عێراق.

سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، دادگای تەمیز بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار 'عەجاج' پەسەند کردووە، کە بەرپرس بووە لە ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی کورد لە زیندانی نوگرە سەلمان، ئێستاش دۆسیەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە بۆ دەرکردنی مەرسوومی کۆتایی جێبەجێکردنی حوکمەکە.

سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووه‌، قوربانییەکانی ئەم کەیسە ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە بوون کە لە هێرشە کیمیاییەکان و شاڵاوەکانی ئه‌نفال ڕزگاریان ببوو، بەڵام دواتر لەلایەن یەکە سەربازییەکانی ڕژێمی پێشوو دەستگیر کران و ڕەوانەی بیابانەکان کران. لەوێ بە شێوەیەکی سیستماتیک برسی کراون و ڕووبەڕووی جۆره‌ها ئەشکەنجە، سوکایەتی و دەستدرێژی بوونه‌ته‌وە، تەنانەت منداڵانیش لە لێدان بە کێبڵ و ئەشکەنجەدان بێبەش نەبوون.

بەپێی زانیارییەکانی دادگا، ژمارەی سکاڵاکاران 227 کەس بوون، بەڵام دادگا گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کە 1068 قوربانی لەم کەیسەدا هەن کە لەنێوان کوژراو، بێ سەرووشوێن و ئەشکەنجەدراو دان. تاوانبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانپێدانانی وردی داوە و شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نزیك زیندانەکەی ئاشکرا کردووە، کە بەهۆی ڕەقی و به‌رده‌ڵانی زەوییەکەوە تەرمەکان بە تەواوی نەنێژراون و تەنها بە بەرد داپۆشراون، ئەمەش وایکردووە ته‌رمه‌كان ببنە خۆراکی سەگی بەڕەڵا.

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەرکی لێکۆڵینەوەیە لەو تاوانانەی لەنێوان ساڵانی 1968 بۆ 2003 ئەنجامدراون. بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005، سەرۆکی کۆمار یان هەر لایەنێکی تر مافی گۆڕین، کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی سزا دەرچووەکانی ئەم دادگایەیان نییە و تاوانەکانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی بە هیچ شێوەیەک لێبووردنی گشتی نایانگرێتەوە.

06 تەمموز 2026 12:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026