یاریی دوژمنانت مەبەرەوە
ئانۆ جهوههر، داواکارییەکی خێرا بۆ گۆڕینی زمانی سیاسی له تهواوی لایهنه سیاسییهكانی عێراق و ههرێمی كوردستان دهكات.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتییان دەکات نەکەونە ناو داوی ململانێی ناڕەوا و ڕێگە نەدەن نەیارەکانیان بەها ئەخلاقییەکانیان لێ زەوت بکەن.
ئەمڕۆ ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە وتارێکدا بڵاویکردەوە، لە کایەی سیاسەتدا هەموو سەرکەوتنێک بە ڕاستەقینە هەژمار ناکرێت ئەگەر مرۆڤ تێیدا بەهاکانی خۆی بدۆڕێنێت.
ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەش کردووە، گەورەترین سەرکەوتن بۆ نەیارەکان ئەوەیە کە: "ئێمەش وەک ئەوان بە درۆ، تۆمەتبارکردن و ڕق و کینە وەڵامیان بدەینەوە، چونکە بەوە دەبینە کۆپییەکی ئەوان و یاسا و ڕێساکانی ئەوان پەیڕەو دەکەین."
ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە پاراستنی پرەنسیپەکان و بنیادنانی پردی پەیوەندییە، نەک لە هاوشێوەبوونی نەیارەکان لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەدا.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئەوەشی خستەڕوو، کوردستان و عێراق لە ئێستادا پێویستیان بە پیاوانی دەوڵەت هەیە کە خەڵک لەدەوری خاڵە هاوبەشەکان کۆبکەنەوە، نەک ئەوانەی لەسەر ناکۆکییەکان دەژین.
ئانۆ جەوهەر بە هێنانەوەی وتەیەکی 'جهنهڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی نهمر' کە دهڵێت: "ڕێگا سەختەکانن پیاوی مەزن دروست دەکەن"، جەختی لەوە کردەوە کە هێزی کوردستان لەوەدایە ببێتە نیشتمانی هەمووان و پارێزگاری لە شکۆی مرۆڤەکان بکات بەبێ جیاوازی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوە کرد کە: "پێوەری سەرکەوتن ژمارەی ئەو کەسانەیە کە هیوایان پێ دەبەخشین، نەک ئەو نەیارانەی کە تێکیان دەشکێنین." داوای کرد کە لە ناو ژاوەژاوی سیاسی و میدیاییدا، زمانی دیالۆگ و عەقڵ پاشەکشە نەکات، چونکە نیشتمان بە تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوە بنیاد نانرێت و پێویستە بە چاکە بەسەر خراپەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت.
ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، کە یەکێکە لە ڕۆڵەکانی پێکهاتەی مەسیحی لە عەنکاوا، سکرتێری گشتی ڕەوتی شالامایە و سەرۆکایەتی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی دەکات. ئەم هاوپەیمانییە گەورەترین کوتلەی مەسیحییە لە پەرلەمانی کوردستان.