نهێنی پچڕانی کارەبای گەڕەکەکانی هەولێر ئاشکرا بوو
پچڕانی کارەبا بەهۆی گرفتی تەکنیکییە و كارهبای ههولێر دهڵێت: "توانای بەرهەمهێنان زۆر باشە."
پڕۆسەی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر ڕووبەڕووی گرفتێکی تەکنیکی لە سیستەمی دابەشکردندا بووەتەوە، بەرپرسانی کەرتی کارەباش دڵنیایی دەدەن کە پچڕانەکان پەیوەندییان بە کەمیی بەرهەمهێنانەوە نییە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایهتیی دابەشکردنی کارەبای 2ی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی گرفتێکی تەکنیکییەوە ناتوانرێت سەرجەم وێستگەکانی دابەشکردن پێکەوە بخرێنە گەڕ. بۆ ڕێگریکردن لە کوژانەوەی گشتی (بلاک ئاوت)، ناچارن لە کاتی دروستبوونی فشاری زۆردا بە نۆرە فیدەرەکانی ناوەند و دەوروبەری شار بۆ چەند کاتژمێرێک بکوژێننەوە.
بهپێی زانیارییهكان، تیمە تەکنیکییەکان لە کاردان بۆ بنەبڕکردنی گرفتەکان و دۆخی پێدانی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
جێی ئاماژهیه، تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان لە وەرزە گەرمەکاندا بەهۆی زیادبوونی خواستەوە ڕووبەڕووی فشاری زۆر دەبێتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوەی وێستگەکان و باشترکردنی سیستەمی گواستنەوە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا جێگیر بکەن.
بەپێی ئامارەکان، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 4800 مێگاوات، لە کاتێکدا خواستی هاووڵاتییان تەنیا 4700 مێگاواتە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە بەرهەمهێنان لە خواست زیاترە و کێشەکە تەنیا لە سیستەمی دابەشکردندایە.
ئهمه لهكاتێكدایه، کەرتی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە ڕووبەڕووی ئاڵێنگاری گەورە دەبێتەوە، کە زۆربەیان پەیوەستن بە کۆنیی تۆڕەکانی دابەشکردن و نەگونجانیان لەگەڵ قەبارەی ئەو وزەیەی بەرهەم دەهێنرێت.