عێراق مهلهفی تاوانهكانی دژی كوردی ههڵدایهوه
گەورەترین ڕێگر لەبەردەم ڕادەستکردنەوەی تاوانبارانی جینۆساید و ئهنفال ئاشكرا دهكرێت
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دۆسیەی جینۆسایدی کورد و تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق ههڵدهداتهوه. هەزاران تۆمەتباری شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران هێشتا دەستگیر نەکراون و لە دەرەوەی وڵاتدا دەژین.
ئەمڕۆ سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق به ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، دادگاکەیان بەپێی دەقێکی دەستووری بەردەوامە لە کارەکانی تاوەکو یەکلاکردنەوەی هەموو ئەو دۆسیانەی لەبەردەستیدان.
ئاشکراشی کرد کە نزیکەی 3300 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەرچووە کە لە نێوان ساڵانی 1968 تاوەکو 2003 تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.
ههروهها ڕوونی کردەوە، لە سەرەتای دامەزراندنی دادگاکەوە تاوەکو ئێستا 160 کەس سزادراون، کە 26 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
به گوتهی ئهو، یهكێك له ئاستهنگه مهترسیدارهكان، بوونی سەدان تۆمەتباری ئەنفال و جینۆسایدە لە دەرەوەی عێراق، کە بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنامەی ڕادەستکردنەوە یان مەرجی وڵاتان بۆ جێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارەدان، ڕێگر بووە لەوەی ڕادەستی دادگا بکرێنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووه، کۆکردنەوەی بەڵگەکان دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر تاوانەکاندا، یەکێکی دیکەیە لە تەحەددییە گەورەکان کە ڕووبەڕووی دادوەرەکان دەبێتەوە.
دهڵێت: "دادگا بۆ ناچارکردنی ئەو کەسانە پەنای بۆ بلۆککردنی ماڵ و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی تۆمەتباران بردووە تاوەکو ناچاربن خۆیان ڕادەستی یاسا بکەن."
سەرۆکی دادگاکە جەختی کردەوە، دادگای باڵای تاوانەکان تەنها سەیری ئەو کەیسانە دەکات کە سکاڵایان لەسەرە و پەیوەندییان بە تاوانی جەنگ یان جینۆسایدەوە هەیە، نەک تەنها بۆ پۆست و پلەی حزبی لە ڕژێمی پێشوودا.
ئەم بڕیارە و بەدواداچوونانەی دادگا ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو مەلهفە خوێناوییانەوە هەیە کە دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجام دراون، لەوانە کەیسی شاڵاوەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانییەکان و کوردانی فەیلی.
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی 2005 بەپێی یاسای ژمارە 10 دامەزراوە و لە ساڵی 2012وە خراوەتە سەر میلاکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری. ئەرکی سەرەکی ئەم دادگایە لێکۆڵینەوە و بڕیاردانە لەسەر ئەو تاوانانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا کراون و بەپێی دەستوور تا کۆتاییهاتنی هەموو دۆسیەکان بەردەوام دەبێت.