دادوەر عەبدولجەبار عەزیز؛ سیمبولی دادپەروەری و بێلایەنی
گۆڤارێکی عێراقی، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم وەک قەڵغانی پاراستنی سەربەخۆیی دادگاکان دەناسێنێت
گۆڤارێکی عێراقی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم بە دادوەرێکی لێهاتوو، دەستپاک و بێلایەن ناو دەبات کە دروشمی دادپەروەری جێبەجێ دەکات، بووەتە پردی متمانە و هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتە دادوەرییەکانی هەرێم و فیدراڵدا.
گۆڤاری 'کنوز عێراقیە' لە ژمارە 3ـی ئاداری ساڵی 2026دا، ڕاپۆرتێکی بەدواداچوونی بەفراوانی تەرخانکردووە بۆ نرخاندنی کاروان و پێگەی یاسایی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکە ناوبراوی وەک یەکێک لە کارەکتەرە دیارەکانی بواری چەسپاندنی دادپەروەری، پاراستنی سەروەریی یاسا و داکۆکیکار لە بنەما دەستوورییەکان وەسف کردووە.
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، دروشمی کارکردنی خۆی لەژێر ناونیشانی دادپەروەری ئاسمان لەسەر زەوی جێبەجێ دەکەین دیاریکردووە، لە ناوەندە دادوەرییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە کەسایەتییەکی لێهاتوو دەناسرێت.
بەپێی شیکارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکە، دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن لە چەندین قۆناغی سیاسی جیاواز و ئاڵۆزدا توانیویەتی بنەمای بێلایەنی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بپارێزێت و بەربەست لەبەردەم فشارە دەرەکییەکان دروست بکات.
ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر سێ تەوەری سەرەکی لە کارنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریدا؛ یەکەمیان، پێداگری لەسەر سەربەخۆیی تەواوی کارکردنی دادوەران بە ئامانجی دوورخستنەوەی دادگاکان لە ململانێکان.
دووەم، ڕۆڵی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن وەک پارێزەری دەستوور لە ڕێگەی داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
سێیەم، پەرەپێدانی هەماهەنگیی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم و فیدراڵدا بە هاوکاری لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و سەرۆکایەتی هەرێم.
لە لایەکی دیکەوە، گۆڤارەکە ڕەهەندە زانستی و مەعریفییەکانی ئەم کەسایەتییەی خستووەتە ڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە، ناوبراو خاوەنی چەندین کتێبی سەرچاوەی یاساییە کە لە ئێستادا لە ناوەندە ئەکادیمی و دادوەرییەکاندا پشتیان پێ دەبەسترێت؛ لەوانەش کتێبی (أحكام الوقف في الشريعة والقانون و کتێبی شرح عقد المساطحة في ضوء القانون المدني).
لە کۆتایی دا ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە لایەنی پابەندبوونی پیشەیی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن کردووە، بەتایبەت دوای خواردنی سوێندی یاسایی لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا جەختی لەسەر پاراستنی شکۆی دادگا، دەستپاکیی ڕەها و داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتییان کردووەتەوە، بەمەش لە ناوەندە یاساییەکاندا بە دادوەرێکی توند و ورد لە جێبەجێکردنی یاسادا پۆلێن دەکرێت.