تەرمی خامنەیی دەگاتە عێراق
وردهكاریی مهراسیمی بهشداریكردنی ملیۆنان عێراقی له پرسهی خامنهیی و پێشوازیكردن له تهرمهكهی بڵاوكرایهوه.
کۆمەڵگەی سیاسی و جەماوەری لە عێراق چاوەڕوانی گەیشتنی تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران دەکەن بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی. ئەم ڕێوڕەسمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای بەغدا لە ترسی کاردانەوەکانی ئەمریکا و سەپاندنی سزاکان، بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی بەشدارییکردن لە پرسەکەدا دەکەن.
ئەمڕۆ عەلی ساعدی، چالاکوان لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی به "العربي الجديد"ی ڕاگەیاند، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و وەزیران و سەرکردە سیاسییەکان بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی لە کەربەلا و نەجەف دەکەن. ئەم بەشدارییە وەک بەشێک لە بژاردەی ناوخۆیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان دەبینرێت، نەک وەک وەستانەوە دژی لایەنێکی نێودەوڵەتی و واشنتن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیهكی سیاسی ئاگادار بۆ "العربي الجديد" باسی لهوه كردووه، هێزە سووننەکان و لایەنە مەدەنییەکان بڕیاریانداوە بەشداری لەم ڕێوڕەسمەدا نەکەن بۆ ئەوەی تووشی هیچ ئیحراجییەکی سیاسی نەبن لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم دابەشبوونە لە کاتێکدایە کە حەشدی شەعبی و مەزارگە ئاینییەکان خەریکی ئامادەکاریی لۆجستی و ئەمنین بۆ پێشوازیکردن لە نزیکەی 5 ملیۆن کەس کە پێشبینی دەکرێت بەشداری لە مەراسیمەکەدا بکەن و دروشمی دژ بە واشنتن بەرز بکەنەوە.
بهپێی زانیارییهكان، تاران دەیەوێت ئەم مەراسیمە وەک نمایشێکی هێز لە عێراق بەکاربهێنێت، بەتایبەت کە تەنیا یەک هەفتە پێش سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن بەڕێوەدەچێت.
مەراسیمی ماڵئاوایی لە عەلی خامنەیی لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە لە ئێران دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 4 مانگ بەسەر کوژرانی لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە تاران لە 28ی شوباتی ڕابردوو.
بڕیارە تەرمەکە ڕۆژی چوارشەممە، 8ی تەممووز بگاتە عێراق و دوای گێڕانی مەراسیم لە نەجەف و کەربەلا، جارێکی دیکە بگەڕێنرێتەوە بۆ شاری مەشهەد لە ئێران تاوەکو لەوێ بەخاک بسپێردرێت.