بۆ هەمیشە چوویتە ناو زیندانی سەرشۆڕی
پێویستە لە دادگای لێکۆڵینەوە سکاڵای فەرمی لەسەر تەشھیرەکانی شاسوار عەبدولواحید تۆمار بکرێت
پارێزەرێک لە وەڵامێکی یاساییدا بۆ شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، ئەو زمانە نزم و بازاڕییەی ناوبراو لەم دواییانەدا دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکانی بەکاری هێناوە، گوزارشت لەو فشارە دەروونی و شکستە سیاسییە دەکات کە بەسەریدا هاتووە.
نیان عومەر تۆفیق، پارێزەر بڵاویکردەوە، ئەو زمانە نزم و بازاڕییەی شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە دێت کە 15 کورسیی پەرلەمانی لەدەستداوە و ناچاربوونی بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ژێربەژێر لە پێناو پاراستنی پڕۆژە بازرگانییەکانی.
ئەم یاساناسە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە لە تەشھیر، ناوزڕاندن و سووکایەتیپێکردنە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە، بە هیچ شێوەیەک ناکەوێتە خانەی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، بەڵکو تاوانێکی ئاشکرایە و ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر بڕگەکانی یاسای سزایی عێراقی و یاساکانی هەرێمی کوردستان، بەم شێوەیە:
-یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 (قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێم): بەپێی ماددەی (1)، هەر کەسێک سۆشیال میدیا بۆ تۆمەتبارکردن، جنێودان یان شێواندنی ناوبانگی لایەنێک بەکاربهێنێت، سزاکەی بەندکردنە بۆ ماوەیەک لە نێوان 6 مانگ بۆ 5 ساڵ، لەگەڵ غەرامەی دارایی (1 بۆ 5 ملیۆن دینار).
-یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969): بەپێی ماددەی 433 (تەشھیر) و ماددەی 434 (جنێودان)، کاتێک ئەم کردەوانە لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، وەک حاڵەتی توندکراو (ظرف مشدد) سەیری دەکرێن کە سزای حەبس و غەرامەی قورسی هەیە.
نیان عومەر تۆفیق جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسا و دادگایە، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی دادگای لێکۆڵینەوەوە بە فەرمی سکاڵا لە دژی شاسوار عەبدولواحید و دەزگا میدیاییەکەی تۆمار بکرێت، تا چیتر ڕێگە بە کەسانی دۆڕاو و شکستخواردوو نەدرێت ڕق و قینی خۆیان بەسەر خەڵکی سەربەرز و مێژووی پڕ لە سەروەریی پارتە تێکۆشەرەکاندا بڕێژن.