دوو برای کورد بە تۆمەتی دزینی نیو ملیار دۆلار لە عێراق داوا دەکرێن
نوێترین زانیاری دەربارەی دوو برا گەندەڵکارە کوردەکە بزانە
ناوی دوو برای کورد لەناو لیستی گەندەڵکارە داواکراوەکانی عێراق ئاشکرا بوو، کە زیاتر لە نیو ملیار دۆلاریان دزیوە.
ئەمڕۆ شەممە، کەناڵەکانی عەرەبییە و حەدەس ڕایانگەیاند، حەسەن کوردی، بەرپرسی بەڕێوەبردنی دۆسیەیی گرێبەستەکانی پاڵاوگەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت، بە تۆمەتی گەندەڵی و دزینی پارە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو، بەڵام ئەوان ڕایان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە پشتڕاستی کردەوە کە حەسەن کوردی لەگەڵ برایەکەی بەناوی محەمەد کوردی، هەردووکیان بە یارمەتی کەسێک بەناوی شوانە کوردی کە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانییە، کاریان بۆ عەدنان جومەیلی کردووە و تا ئێستا نیو ملیار دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات.
لەکاتی دەستگیرکردنی بریکاری وەزیری نەوتدا، ئەم دوو برایە لە دەرەوەی وڵات بوون و دواجار لە وڵاتی فەرەنسا بینراون، مستەفا سەنەد پشتڕاستی کردەوە کە حکومەتی عێراق داوای لە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپووڵ) کردووە بەزووترین کات ئەم دوو برا کوردە دەستگیر بکەن و بیانگەڕێننەوە بۆ عێراق، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، حەسەن کوردی بە حەسەن نەجار ناسراوە و ناوی ڕاستی (حەسەن عەبدوڵا حسێن)ـە، لە 1992/12/1 لەدایکبووە و خەڵکی هەولێرە.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوگەکان لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، لە 22ی حوزەیرانی 2026 بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراقەوە دەستگیرکرا و زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری نەختینە و 31 ملیار دینار لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەردا گیرا.
لەدوای دانپێدانانەکانی عەدنان، لە 28ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستی پێکرد و چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا دەستگیرکران، هەروەها سەدان ملیۆن دۆلار و زیاتر لە 80 کیلۆگرام زێڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا.