پایتەخت

زیاتر لە 157 پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران ئەنجام دراوە

زیاتر لە 157 پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران ئەنجام دراوە
کورتە

دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماری چالاکییەکانی مانگی حوزەیرانی ڕاگەیاند.

نوێترین زانیارییەکانی دەستگیرکردنی تۆمەتباران و گەندەڵکاران لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرا کرا و ژمارەیەکی ترسناک لە کردەوەی گەندەڵی دەخاتەڕوو.

ئەمرۆ یەکشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی سەر بە دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق، ئاماری فەرمی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی لێکۆڵینەوەی لە پارێزگاکانی عێراق بۆ مانگی حوزەیرانی 2026 بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، کە لەو ماوەیەدا کۆی گشتی 157 پرۆسەی دەستبەسەرداگرتن لە سەرانسەری وڵاتدا جێبەجێ کراون، لەو ژمارەیەش 29 پرۆسەیان تایبەت بووە بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران، کە تێیدا 59 تۆمەتبار دەستگیر کراون، لە کاتێکدا 128 پرۆسەی تریش تایبەت بوون بە دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە و دۆسیە سەرەتاییەکان.

ئەم ئامارانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەستەی دەستپاکی فیدراڵیدا دێن بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەرپێچییە یاسایی و داراییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.

جیا لەوە، لە 28ی حوزەیرانی 2026 بەفەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستی پێکرد، تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس، پەرلەمانتار و کەسایەتی دیار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران و دەستیان بەسەر ملیۆنان دۆلار و زیاتر لە 80 کیلۆگرام زێردا داگرت.

05 تەمموز 2026 17:01
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026