Banner
پایتەخت

لەبارەی دۆسیەکەی د. عەبدولەتیفەوە یەکێتی فشار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات

لەبارەی دۆسیەکەی د. عەبدولەتیفەوە یەکێتی فشار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات
کورتە

بە فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا لێژنەیەکی نوێ پێکدەهێنرێت بۆ دۆسیەی تۆمارە دەنگییەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەد.

هەوڵێک هەیە بۆ گۆڕینی کۆنووسی لێژنەکەی زانکۆی سلێمانی لەبارەی دۆسیەی تۆمارە دەنگییەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەدەوە و لەژێر فشارەکانی یەکێتی بۆ داخستن و بەلاڕێبردنی ئەو کەیسە، وەزارەتی خوێندنی باڵا لێژنەیەکی دیکە دروست دەکات.

پایتەخت میدیا لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیویەتی، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەتیکردووەتەوە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ پەسەندکردنی کۆنووسی ڕاپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی، لەبارەی دۆسیەی تۆمارە دەنگییەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەد.

ئەو سەرچاوەیە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندووە، وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانی دەرکردووە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی دیکە لەسەر ئاستی دیوانی وەزارەت، کە پێکهاتوون لە بەرپرسانی یەکێتی لە وەزارەتەکە و ئەمەش لەژێر فشاری حزبەکەیدا بووە، بۆ ئەوەی دۆسیەکە بەلاڕێدا ببرێت و تا هیچ بڕیارێک نەدرێت لە بەرژەوەندی دۆسیەکەدا نەبێت.

لەبارەی ئەندامانی لێژنەکە، پایتەخت میدیا ئاشکرای دەکات کە هەر یەکە لە د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و د. خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، ڕاوێژکاری وەزیر و بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەت پێکهاتوون کە هەموویان لەژێر هەژموونی یەکێتیدان.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ناڕازین لەو دۆخەی دروستبووە و پەشیمان بوونەتەوە لەوەی پێشتر زانکۆی سلێمانی لێژنەی دروستکردووە و بڕیاریداوە، تازە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە دۆسیەکە دەبێتە تێبینییەکی نایاسایی لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا.

هاوکات ئەم سەرچاوەیە ئەوەشیان ڕوونکردووەتەوە، کە هەموو ئەندامانی لێژنەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەژێر فشاری یەکێتیدان و لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە ناچارکراون لە لێژنەکەدابن و کار لەسەر دۆسیەکەی د. عەبدولەتیف بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، پارێزەرێکی ڕاوێژکار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوە و خستنەڕووی بەڵگە و بەداوداچوونەکان و وەرگرتنی هەردوو لایەنی قوربانی و تۆمەتبار، بەسە بۆ ئەوەی وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و ئەگەر بابەتەکە لەسەر مامۆستای زانکۆکە شکایەوە، ئەوا لە دادگاش سکاڵای لەسەر تۆماربکات بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە حەڕەمی زانکۆ و مافی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ.

29 حوزەیران 2026 15:32
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026