بەغدا دەهەژێت؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە
وردەکاری دەستگیرکردنی بەرپرسە باڵاکانی عێراق 'بە تۆمەتی گەندەڵی' لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەخرێتە ڕوو.
دوای بێدەنگییەکی زۆر لەبارەی ئەو هەڵمەتە فراوانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر تۆڕەکانی گەندەڵی لە عێراق دەستیپێکرد، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، کە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، بڕیارە کاتژمێر 8:00ی ئێوارە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیە ئاشکرا بکات، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجامدرا، هەروەها تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی زانیارییە شۆککەرەکان لەبارەی دەستگیرکراوەکان.
ئەم بوومەلەرزە سیاسییە دوای دانپێدانانەکانی "عەدنان جومەیلی"، بریکاری وەزارەتی نەوت هات، کە پەردەی لەسەر چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لادا و ناوی چەندین بەرپرسی باڵای درکاند.
لیستی دەستگیرکراوەکان تەنها بەرپرسانی حکومی نەگرتووەتەوە، بەڵکو چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشی تێدایە کە دوای لێسەندنەوەی پارێزبەندی، ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "عەلی زەیدی درێغی ناکات لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی دەوڵەت".
کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دژەتیرۆری عێراق بە تانک و زرێپۆش و چەکی قورسەوە ناوچەی سەوزیان لە بەغدا گەمارۆدا، ناوچەی سەوز بووە گۆڕەپانی یەکێک لە گەورەترین هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن کە بەرپرسانی باڵا، پەرلەمانتار و سەرکردە حزبییەکانی ڕاپێچی زیندان کرد.