ئێران هێرشی کردە سەر 8 بنکەی ئەمریکا
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردەوە و هەردوولا هەڕەشە لەیەکتر دەکەن
سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامێکی سەربازیی تووند دا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، بۆردوومانکردنی 8 پێگەی ستراتیژیی ئەو وڵاتەی لە کوەیت و بەحرەین ڕاگەیاند و هۆشداریی کاردانەوەی وێرانکەر دەداتە واشنتن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە نوێترین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم" لە کوەیت و بارەگای "کۆمەڵەی 5ـەمی هێزی دەریایی ئەمریکا" لە بەحرەین کراونەتە ئامانج، ئەم هەنگاوەی تاران وەک تۆڵەکردنەوەیەک دێت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە پێشتر سوپای ئەمریکا کردبوویە سەر 5 پێگەی سەربازی لە کەناراوەکانی باشووری ئێران.
سەبارەت بە پاساوەکانی ئەم پێکدادانە، ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، هێرشە سەرەتاییەکانیان بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی کەشتییەکی سەرپێچیکار بووە لە گەرووی هورمز، بەڵام سوپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا ئەو پاساوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بەپێی یاداشتە نێودەوڵەتییەکان، کۆنترۆڵی تەواوی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە."
لە بەشێکی تری لێدوانە فەرمییەکاندا، سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند ئاڕاستەی کۆشکی سپی دەکات و دەڵێت: "هەر دەستدرێژییەکی نوێ، وەڵامێکی زۆر وێرانکەرتری دەبێت". هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ڕۆژانی داهاتوو بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پڕ دەبن لە "زیانی قورس و تووند"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەری فراوانبوونی پێکدادانەکان لە ئارادایە.