Banner
پایتەخت

دژەتیرۆری عێراق ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دەستگیرکرد

دژەتیرۆری عێراق ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دەستگیرکرد
کورتە

ئۆپەڕاسیۆنێکی دەستگیرکردنی بەرپرس و پەرلەمانتارەکانی عێراق بە فەرمانی عەلی زەیدی و 'بەتۆمەتی گەندەڵی' دەستیپێکرد.

دژەتیرۆری عێراق گەماڕۆی ناوچەی سەوزی بەغدایان خستە ژێر ڕێکاری تووندی ئەمنییەوە و هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردنیان بۆ سەر دەیان بەرپرسی باڵا، پەرلەمانتار و سەرمایەدار دەستپێکرد.

کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕ و بێپێشینەدا، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بە  تانک و زرێپۆش و چەکی قورسەوە ناوچەی سەوزیان لە بەغدا گەمارۆدا، ناوچەی سەوز بووە گۆڕەپانی یەکێک لە گەورەترین هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن کە بەرپرسانی باڵا، پەرلەمانتار و سەرکردە حزبییەکانی ڕاپێچی زیندان کرد.

هێزە ئەمنییەکان سەرەتا تەواوی دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان داخست و هاتووچۆیان پەکخست، پاشان بە پیلانێکی ورد هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو بەرپرسانەی ناویان لە "لیستی ڕەش"ـی دادوەریدا هەبوو، ئەم جوڵە سەربازییە تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی نەبوو، بەڵکو تەقینەوەی گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی بوو کە مێژووی نوێی عێراق بەخۆیەوە دیویەتی.

بەپێی زانیارییەکان لیستەکە ناوی قورسی تێدایە، لەوانە: (محەممەد سەیود، حەسەن خەفاجی، موسەننا سامەرائی، بەها نووری، عالیە نوسەیف، حوسێن مەئەنەس، عادل حەلاوی، محەمەد فەرمان، مزەر کروی، زیاد جەنابی، عەلا سوکەر، محەمەد کەربولی، عەبدولکەریم سوودانی، عەباس سوودانی و فەرحان فەرتوسی)، هەروەها ڕائید جبووری، بەڕێوەبەری تەندروستی سەڵاحەدینیش یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان.

لەناو بازنەی دەنگۆکاندا، ناوی محەممەد شیاع سوودانی، تەیف سامی و چەندین ڕاوێژکار و پەرلەمانتاری ئێستا و پێشوو دەهێنرێت، کە گومان دەکرێت تێوەگلانیان هەبێت.

لە نێو دەستگیرکراوەکاندا چەندین سەرکردە و کەسایەتیی سیاسیی دیار دەبینرێن، لەوانە:

- موسەننا سامەڕائی: سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و سەرکردەی دیاری پێکهاتەی سوننە.
- محەممەد کەربوولی: سەرکردە لە حزبی تەقەدووم و کەسایەتیی دیاری ئەنبار.
- عالیە نوسەیف و بەهاددین نووری: پەرلەمانتاران و سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
- فەرحان فەرتووسی: سەرۆکی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق.
- ئیبراهیم سومەیدەعی: ڕاوێژکاری پێشووی عەلی زەیدی بۆ کاروباری سیاسی.
- عەلا سوکەر، موزەر کورەوی، حەسەن خەفاجی و زیاد جەنابی و محەممەد سەیهوود : ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و چەندین کەسایەتیی دیکەی نزیک لە عەلی زەیدی دەستگیرکراون کە هێشتا ناوەکانیان پشتڕاست نەکراونەتەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە دوای دانپێدانانە مەترسیدارەکانی "عەدنان جومەیلی"، بریکاری وەزارەتی نەوت هات کە مانگی ڕابردوو دەستگیرکرا، جومەیلی پەردەی لەسەر تۆڕێکی ئاڵۆزی گەندەڵی لادا کە تێیدا تەنیا لە ماڵی ناوبراو 10 ملیۆن دۆلار و بڕێکی زۆر چەک و زێڕ دەستی بەسەردا گیرابوو.

دەسەڵاتی دادوەری پەردەی لەسەر قەبارەی ئەو پارانە لادا کە تا ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە، کە شێوازی شاردنەوەیان وەک فیلمە سینەماییەکان بووە (هەندێکیان لە قووڵایی 4 مەتر لەژێر زەوی شاردرابوونەوە):

- نەختینەی عێراقی: زیاتر لە 98 ملیار دینار.
- 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی (کۆی گشتی دۆسیەکە گەیشتووەتە 85 ملیۆن دۆلار).
- 3 کیلۆگرام زێڕ
- 70 خانوو و پارچە زەوی، لەگەڵ 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی گرانبەها.

لە ئێستادا دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە چووە و دەروازەکان کراونەتەوە، بەڵام ئەم هەڵمەتە پەیامێکی توندی حکوومەتی نوێ بوو کە جەخت لە "سفرکردنەوەی گەندەڵی" دەکاتەوە.

28 حوزەیران 2026 09:23
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026