تەماتەی جووتیارانی هەناردەی عێراق دەکرێت
بازاڕەکانی عێراق بەڕووی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرانەوە
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕووی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندا کرانەوە، بەڵام بەرهەمی پیاز هێشتا لە پشت بازگەکانەوە گیریان خواردووە و ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێنادرێت.
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای بازاڕی سەوزە و میوەی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی زۆریی بەرهەمی ناوخۆیی و پڕبوونی بازاڕەکانی هەرێم، جووتیاران لە ساخکردنەوەی تەماتەدا تووشی گرفت ببوون، دوای پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، توانرا کێشەی گواستنەوەی تەماتە چارەسەر بکرێت و ڕێگرییەکان لاببرێن.
سەرباری ئەم کرانەوەیە بۆ تەماتە، قەیرانی پیاز هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، بازگەکانی کەرکووک بە توندی ڕێگری لە گواستنەوەی پیازی جووتیارانی هەرێم دەکەن، ئەمەش زیانێکی دارایی گەورەی بە خاوەن زەوییەکان گەیاندووە.
ئەم کێشە وەرزییە لە کاتێکدایە کە بەغدا بە پاساوی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی پارێزگاکانی دیکە، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومدا بەربەست بۆ جووتیارانی کورد دروست دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و فیدراڵدا "ڕۆژژمێری کشتوکاڵی" و ڕێککەوتنی پێشوەختە هەیە، بەڵام جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکان لە بازگەکاندا، ساڵانە دەبێتە هۆی فەوتانی هەزاران تۆن سەوزە و میوە و بێئومێدبوونی جووتیاران لە کشتوکاڵکردن.