زیاتر لە 50,000 کەس بێسەروشوێنن
ڤەنزوێلا لەنێوان وێرانکاری و بێسەروشوێنبوونی 50 هەزار کەسدا؛ ئاماری قوربانییان ڕوو لە هەڵکشانە
ئاماری قوربانییانی ئەو زنجیرە بوومەلەرزە وێرانکەرەی ڤەنزوێلای هەژاند، گەیشتە 920 گیانلەدەستدان، لە کاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لە چارەنووسی نادیاری زیاتر لە 50,000 کەس دەدات کە تا ئێستا بێسەروشوێنن.
تەنیا لە ماوەی 39 چرکەدا، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 7.5 و 7.2 پلە بە پێوەری ڕێختەر، ناوچە جیاوازەکانی ڤەنزوێلایان هەژاند. ناوەندی لێکۆڵینەوەی زەویناسیی ئەمریکا (USGS) ڕایگەیاند، بوومەلەرزەی یەکەم لە شاری یومارێ بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر بووە، دووەمیشیان شاری سان فێلیپی بە قووڵایی 21.9 کیلۆمەتر پێکاوە.
دیمەنەکان لە کاراکاسی پایتەخت و باکووری وڵات وێرانکارییەکی گەورە نیشان دەدەن، باڵەخانەکان یان خاپوور بوون یان درزی گەورەیان تێکەوتووە، ئێستا هەزاران بریندار لە نەخۆشخانە مەیدانییە کاتییەکاندا لە ململانێدان لەگەڵ مردن و تیمە پزیشکییەکان لە دۆخێکی نائاساییدان.
لە نوێترین پێشهاتدا سەنتەری بومەلەرزەزانی ئەوروپا و دەریای ناوەڕاست ئاشکرای کرد کە ئێوارەی هەینی بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.9 پلە لە ئاوەکانی کەناراوی باکوور ڕووی داوە، شایەتحاڵان لە کاراکاس و ماراکای دەڵێن: "ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر شارەکەی گرتووەتەوە و هەستمان بە لەرینەوەی نوێ کردووە."