Banner
پایتەخت

ژینۆ محەممەد: پاراستننی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانییە

 ژینۆ محەممەد: پاراستننی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانییە
کورتە

ژینۆ محەممەد دەپرسێت بۆچی پاراستنی قەوارەی هەرێم گرنگە و وەڵامی شاسوار عەبدولواحیدیش دەداتەوە.

تا دێت کاردانەوەکان دژی گوتارەکەی شاسوار عەبدولواحید فراوانتر دەبن و ژینۆ محەممەد، هۆشداری تووند لەبارەی دروستکردنی ئالنگارییەکانی بەردەم پاراستنی قەوارەی هەرێم دەدات.

ژینۆ محەممەد، سەرکردە لە بەرەی گەل لە پلاتفۆرمی فەیسبووک لە وەڵامی لێدوانەکانی شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمی خەباتی دوای ساڵی 1991، لەبەردەم هەوڵێکی فرەڕەهەنددایە بۆ لاوازکردن، پاراستنی ئەم دەستکەوتە ئەرکێکی نیشتمانییە و پێویستی بە ستراتیژێکی نوێی بەرگری هەیە.

ژینۆ محەممەد لە شیکردنەوەیەکی ورددا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم قەوارەیە تەنها یەکەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو ئەنجامی قۆناغێکی مێژوویی گرنگە، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا و نهێنی هەوڵی لەباربردنی دەدرێت.

ژینۆ محەممەد پەنجە دەخاتە سەر 4 کایەی سەرەکی کە کراونەتە ئامانج بۆ لێدان لە قەوارەی هەرێم و دەڵێت: "هەوڵەکانی لەباربردنی قەوارەی هەرێم لە چەند ئاستێکی جیاوازەوە پەیڕەو دەکرێن:

 - کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکان: هەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا بەردەوام هەوڵ دەدەن دەقی دەستووری عێراق بە ئاراستەی ناوەندگەرێتییەکی تووند بگۆڕن و دەسەڵاتەکانی هەرێم، کە لە دەستووردا چەسپێنراون، بە کردار کەم بکەنەوە.

 - گوشاری ئابووری و دارایی: بەکارهێنانی مووچە و بوودجە وەک کارتی فشار، ستراتیژێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەرێم لە ڕووی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنەوە تووشی قەیران ببێت و متمانەی هاووڵاتییان بە قەوارەی سیاسییەکەیان کەم ببێتەوە.

 - تێکدانی سەقامگیری ناوخۆیی: دابەشکردنی ماڵی کوردی و قوڵکردنەوەی ناکۆکییە حزبییەکان، یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو هەوڵانەی کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ دەستوەردانی دەرەکی و لاوازکردنی پێگەی هەرێم لە دانوستانەکاندا.

 - سیاسەتی بەکارهێنانی بڕیارە دادوەرییەکان: بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی بۆ دەرکردنی بڕیارگەلێک کە لە ئاستی کردەییدا بۆشایی لە دەسەڵاتەکانی هەرێم دروست دەکات، بووەتە ئامرازێکی نوێ بۆ تەنگپێهەڵچنین."

سەبارەت بە گرنگیی مانەوەی ئەم قەوارەیە، ژینۆ محەممەد جەخت دەکاتەوە کە هەرێم تەنها پەناگەیەک نییە بۆ کورد، بەڵکو گەرەنتییەکە بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و هاوسەنگیی هێز، بەتایبەت دوای ئەو ڕۆڵە کارایەی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا گێڕای.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ژینۆ محەممەد هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هەر پاشەکشەیەک لە هێزی ئەم قەوارەیە، پێگەی کورد لە نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا لاواز دەکات، پاراستنی ئەم ئەزموونە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە و نابێت ڕێگە بدرێت ئاستەنگەکان ئەم دەستکەوتە لەناو ببەن."

27 حوزەیران 2026 09:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026