چیڕۆکی ئۆپۆزیسیۆنێکی لەرزۆک
عەبدولقادر ڕەزاق: ئۆپۆزیسیۆنی هەرێم لە نێوان دروشمی گۆڕانکاری و پاشکۆیەتی سیاسی گوماناویدایە
عەبدولقادر ڕەزاق ڕایدەگەیێنێت کە ئۆپۆزیسیۆنی هەرێم لە نێوان دروشمی گۆڕانکاری و پاشکۆیەتی سیاسی گوماناویدایە، هەروەها گۆرینی هاوپەیمانییەکان لە ڕێککەوت ناچێت و لە پلانێکی پێشوەختە دەچێت.
عەبدولقادر ڕەزاق چاودێری سیاسی، گومان دەخاتە سەر سەربەخۆیی ئەو جووڵانەوە سیاسییانەی بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە سەرهەڵدەدەن و ڕایدەگەیەنێت: " لە سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا یەکێک لە دیاردە سەرنجڕاکێشەکانی ساڵانی ڕابردوو چارەنووسی ئەو بزووتنەوانەیە کە بە دروشمی گۆڕانکاری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنە تەقلیدییەکان هاتنە گۆڕەپانەکە، بەڵام بە کردەوە وردە وردە خۆیان لە هەمان خولگەی سیاسیدا بینیەوە کە سەردەمانێک ڕەخنەیان لێدەگرت".
عەبدولقادر ڕەزاق ئاماژە بەوە دەکات کە دیاردەی "سیاسەتی بێ ڕاستگۆیی" بووەتە ناسنامەی ئۆپۆزیسیۆنێکی لەرزۆک لە هەرێمی کوردستان، ئەو دەڵێت: "ئەو بزووتنەوانەی بە دروشمی ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنە تەقلیدییەکان هاتنە مەیدان، ئێستا لە هەمان ئەو خولگەیەدا دەسووڕێنەوە کە سەردەمانێک بە سەرچاوەی قەیرانەکانیان دەزانی."
سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕان، عەبدولقادر ڕەزاق ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "نموونەیەکی ڕوونی ئەم بابەتە لە چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان و پاشان نەوەی نوێدا دەبینرێت، بزووتنەوەی گۆڕان دوای چەندین ساڵ لە هەوراز و نشێو و دووبەرەکی و ناکۆکی ناوخۆیی بەسەر باڵە جیاکاندا دابەش بوو و بەشێکی گەیشتە هەڵوێستی نزیکتر لە یەکێتی نیشتمانى کوردستان، پرۆسەیەک کە بۆ زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی جێی پرسیار بوو".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عەبدولقادر ڕەزاق تیشک دەخاتە سەر جووڵانەوەی نەوەی نوێ و دەپرسێت: "بۆچی گۆڕانی هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەم جووڵانەوەیە، ڕێک هاوکات بوو لەگەڵ ئازادکردنی سەرکردەکەی لە زیندانی سلێمانی؟ ئایا ئەمە پێداچوونەوەیەکی سیاسی بوو یان دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی ناڕوونی پشت پەردە؟".
هەروەها باسە لە ڕووداوەکەی 22ی ئابی لالەزار لادەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە ئەو پشێوییانە دەرئەنجامی ڕەتکردنەوەی "پڕۆژەیەکی گوماناوی" بن لەلایەن سەرۆکی بەرەی گەلەوە، بە بڕوای ئەو گۆڕینی چەندبارەی هاوپەیمانییەکان بەرەو زۆنی سەوز ناتوانێت تەنها ڕێککەوت بێت، بەڵکو زیاتر لە پلانێکی پێشوەختە دەچێت.
عەبدولقادر ڕەزاق لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە و دەڵێت: "کە ڕای گشتی مافی خۆیەتی بپرسێت ئایا گۆڕان و نەوەی نوێ هێشتا هەڵگری ئامانجە سەرەتاییەکانن، یان تەنها بوونەتە کەرەستەیەک بۆ هاوسەنگکردنی هاوکێشەکانی دەسەڵات لە زۆنی سەوزدا؟".