پایتەخت

میران بەکر: هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر نابێت قبووڵی ئەو قسەیە بکات

میران بەکر: هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر نابێت قبووڵی ئەو قسەیە بکات
کورتە

یان لە دەسەڵات دەبم یان ماڵەکە دەسووتێنم!

میران بەکر قسەکانی شاسوار عەبدولواحید بە "مانۆڕێکی فشۆڵ" ناو دەبات و پێی وایە ئەم جۆرە قسانە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و واقیعییان تێدا نییە و تەنها بۆ چەواشەکردنی ئەو چینە بەکار دەهێنرێت کە بەهۆی کێشە داراییەکانەوە بێزارن.

 

میران بەکر لە پلاتفۆڕمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند: "ئەم کیانەی ئێستا هەیە، نە موڵکی شاسوارە، نە هیی یەکێتی و نە ئیسلامییەکان، بەڵکو بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیی ئەم نیشتمانەیە، بۆیە نابێت ڕێگە بدرێت هیچ کەسێک بۆ مەرامی شەخسی یاری بە چارەنووسی ئەم قەوارەیەوە بکات."

 

بە بڕوای میران بەکر، شاسوار عەبدولواحید دەیەوێت مۆدێلێکی مەترسیدار لە سیاسەت پەیڕەو بکات، ئەویش دروشمی "یان من دەبێت لە دەسەڵات بم، یان ماڵەکە دەسووتێنم". ئەو چاودێرە دەڵێت: "ئەمە لوتکەی نابەرپرسیارییەتی نیشتمانییە کە حزبێک لەبەر ئەوەی لە دەسەڵاتدا نییە، کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەکەی بکات."

 

لە بەشێکی تری قسەکانی دا میران بەکر ئاماژەی بە مەترسییە دەرەکییەکان کرد و گوتی: "ئەم گوتارانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ جێبەجێکردنی ئەو نەخشە نوێیانەی دەیانەوێت هەرێم لاواز بکەن، کاتێک لایەنێکی ناوخۆیی بێمنەتی خۆی لە مانەوەی هەرێم نیشان دەدات، بەغدا و هێزە دەرەکییەکان بێ دوودڵی هەنگاو بۆ نەهێشتنی ئەم قەوارەیە دەنێن."

 

میران بەکر بۆ وێناکردنی ئەم دۆخە چیرۆکی "کابرای پڕ لە ڕق" بەکاردێنێت کە ئامادە بوو چاوێکی خۆی دەربهێنرێت تەنها بۆ ئەوەی دراوسێیەکەی هەردوو چاوی لەدەست بدات، ئەو دەڵێت: "ئێستا هەندێک لایەن لەبەر ڕقی سیاسی، ئامادەن قەوارەی هەرێم لەناو ببەن، تەنها بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانیان تووشی شکست بکەن، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە هەمووان پێکەوە دەبنە قوربانی."

24 حوزەیران 2026 22:41
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026