پایتەخت

هانا چۆمانی: کاتێک ئەوان شەهید دەبوون شاسوار و باوکی کەبابیان دەفرۆشت

هانا چۆمانی: کاتێک ئەوان شەهید دەبوون شاسوار و باوکی کەبابیان دەفرۆشت
کورتە

شاسوار سوکایەتی بە مێژووی یەکێتی دەکات

لە ڕەخنەیەکی تووند و ئاڕاستەکراودا، هانا چۆمانی پرسیاری ڕژدی لە هەڵوێستی ئێستای یەکێتیی دەکات بەرامبەر ئەو لێدوانانەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە ناکرێت مێژووی پڕ لە قوربانیی ئەم حزبە بکرێتە قوربانیی ململانێیەکی سیاسیی تەسک.

 

هانا چۆمانی لە پلاتفۆڕمی خۆی لە فەیسبووک لە وەڵامی قسەکانی شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا مام جەلال تەواوی تەمەنی خۆی بۆ چەسپاندنی ئەم قەوارەیە بەخشی و یەکێتی زیاتر لە 35,000 شەهید، 10,000 کەمئەندامی سەنگەر و هەزاران زیندانی سیاسیی پێشکەش کردووە، جێگەی سەرسوڕمانە ڕێگە بدرێت سوکایەتی بەم مێژووە بکرێت."

 

هانا چۆمانی لە درێژەی ڕەخنەکانیدا پەنجەی تۆمەت بۆ شاسوار عەبدولواحید درێژ دەکات و دەڵێت: "لەو کاتەی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە سەنگەری شەهیدبووندا بوون، شاسوار و باوکی سەرقاڵی کەبابفرۆشتن بوون، کەچی ئێستا بە ڕێنمایی کەسانێکی وەک ڕەیان کلدانی و قەیس خەزعەلی، لەپێناو بەرژەوەندیی دارایی خۆیدا دەڵێت با هەرێمی کوردستان نەمێنێت".

 

هانا چۆمانی هۆشدارییەک ئاڕاستەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی دەکات و دەڵێت: "بۆچی دەبێت وا بکەن کوردایەتی تەنها لە چاوی پارتییەوە ببینرێت؟ ئایا دەکرێت تەنها بۆ شەرمەزارکردنی ڕکابەرێکی سیاسی، ئامادەبن دەستبەرداری دەستکەوتە نەتەوەییەکان بن و هەرێم وەک ڕۆژئاوا لێ بکەن؟".

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناوبراو داوا لە کادر و لایەنگرانی یەکێتی دەکات بێدەنگی بشکێنن و ڕێگە نەدەن وردەواڵەکان بە ناوی ئەوانەوە سوکایەتی بە شکۆی کورد و کوردستان بکەن و پێویستە وەڵامێکی توندی ئەم جۆرە لێدوانە تێکدەرانە بدەنەوە.

24 حوزەیران 2026 22:31
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026