پایتەخت

بەریتانیا ناوی 10 قاچاخچی کوردی بڵاوکردەوە و سزایان دەدات

بەریتانیا ناوی 10 قاچاخچی کوردی بڵاوکردەوە و سزایان دەدات
کورتە

بەریتانیا ڕێکارەکانی دژ بە کۆچی نایاسایی تووند کردووە و ژمارەیەک کوردی قاچاخچیش سزا دەدات

حکومەتی بەڕیتانیا ستراتیژی نوێی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی کۆچ گرتووەتە بەر و ژمارەیەک کوردیش سزا دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، حکومەتەکەیان 25 کەسیان لە تۆڕێکی قاچاخچی سزا دەدات، کە بە شێوەیەکی نایاسایی خەڵک دەهەنێننە نێو بەڕیتانیا.

لە ڕاگەیەنراوی حکومەتی بەڕیتانیا هاتووە، سزاکانی ئەمڕۆ جەخت لەسەر ئەو کەس و ڕێکخراوانە دەکاتەوە کە لە قاچاخچێتی خەڵک و هاندانی کۆچکردنی نایاسایی بۆ بەریتانیا تێوەگلاون، لەوانەش کۆمپانیای دابینکەری بەلەمی بچووک لە ئاسیا، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەی چەتەکان لە بالکان و باکووری ئەفریقا.

هاوکات سزاکان بلۆککردنی موڵک و هەژماری بانکی و داراییەکانی دیکە و هەروەها قەدەغەی گەشتکردن بۆ بەریتانیا لەخۆ دەگرێت.

 لە ناو سزادراوەکاندا ئەم کەسانە هەن کە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن:

پەیوەست بە قاچاخچییەتی:

• گۆران ئەسعەد جەلال، بەشێک بوو لە گرووپێکی تاوانی ڕێکخراو کە کۆچبەرانی لە لۆرییە ساردکەرەوەکاندا دەشاردەوە و لە کەناڵی ئینگلیزەوە لە فەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیای دەبردن؛ لانیکەم لە نێوان کانوونی دووەم و ئازاری 2019،  10 جار ئەمەی کردووە.
•  هێمن عەلی ساڵح، یارمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی بۆ ناو بەڕیتانیا داوە لە پشتی لۆرییەکانەوە. 
• دێدەوان دزەیی، قاچاخچییەک کە خانوویەکی لە باکووری فەڕەنسا دابین کردووە تا کۆچبەران پێش ئەوەی بە قاچاخ ببرێنە بەڕیتانیا، لەوێ بمێننەوە. 
• ڕۆمان ڕانیەیی، قاچاخچییەکی عێراقی کە بەرپرسیارە لە بەقاچاخبردنی کۆچبەران لە ئاسیاوە بۆ ئەورووپا.
• ئازاد خۆشناو، لەبەر دابینکردنی بەلەمی چووپ، ماتۆڕی بەلەم و کەرەستەی دەریایی دیکە بۆ بەکارهێنانیان لە بەقاچخبردنی کۆچبەران لە فەڕەنساوە بۆ بەڕیتانیا.
• نەوزاد خۆشناو، بۆ دابینکردنی پێداویستی بۆ مافیاکان لە باکووری فەڕەنسا وەک ماتۆڕی بەلەم، بەلەمی چووپ و پێداویستیی دیکەی دەریایی بۆ بەکارهێنانیان لە بەقاچاخ بردنی کۆچبەران بۆ ناو بەڕیتانیا.
• نیهاد موحسین خۆشناو، بۆ دابینکردنی بەلەمی چووپ، ماتۆڕی بەلەم و کەرەستەی دیکەی دەریایی کە کۆچبەران بەکاریان دەهێنا بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا. 

تۆڕی حەواڵە:

• محەممەد خدر پیرۆت، بانکداری حەواڵە کە کۆنترۆڵی پارەدانەکان دەکات بۆ ئەو کەسانەوە کە بە قاچاخ لە هەرێمی کوردستانەوە، لە ڕێگەی تورکیاوە، دەبرێن بۆ ئەورووپا.

• مەریوان جەمال، کۆنترۆڵی جوڵەی پارە دەکات لە ڕێگەی بانکداری حەواڵەوە بۆ پارەدان بەو قاچاخچییانەی کە کۆچبەرانی عێراقەوە دەگوازنەوە.
• ڕەفیق شەقڵاوەیی، بەشدار بووە لە بانکی حەواڵەدا وەک ڕاوێژکار بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت پارە بدەن بە قاچاخچییەکان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە ڕێگەی تورکیاوە.

24 تەمموز 2025 08:45
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025