تۆم باراک بۆچی دێتە هەولێر؟
تۆم باراک دەگاتە هەولێر و پایتەخت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی ئاشکرا دەکات
پێش نیوەرۆی ئەمرۆ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت تۆم باراک لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و لەگەڵ هەر یەکیان، چەندین دۆسیە تاوتوێ دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، لە کۆبوونەوەکانی نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، دۆسییەکانی هەناردەی نەوتی هەرێم و زیادکردنی بڕەکەی، پەیوەندی هەرێم و بەغدا، بەشە بودجەی هەرێم و مووچە، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دانانی چەک لە دەستی گروپە لە یاسا دەرچووەکان، کابینەی داهاتوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، هەروەها رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
کەمێک پێش ئێستا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی دوێنێ تۆم باراک لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا بڵاوکرایەوە و پوختەی کۆبوونەوەکە بەمشێوەیە: “لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی و نێردەی تایبەتی ئەمریکا تۆم باڕاک، جەخت لەسەر بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات و ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن لە مانگی تەمموزدا کرایەوە. هەروەها جەخت لەسەر چەسپاندنی سەروەریی عێراق لە ڕێگەی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ هەرێمییەکان دەکاتەوە، ئاماژە بە هەنگاوی گرنگ دەدات بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کەرتی وزە، لەوانەش مۆڵەتی ستارلینک، پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکان و نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ عێراق.”
پایتەخت زانیویەتی، تۆم باراک جیالەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆ دەبێتەوە و دۆخی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئەم سەردانەی تۆم باراک لە کاتێدایە، درەنگانی شەوی ڕابردوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئێران بە ئەلیکترۆنی واژۆیان لەسەر رێککەوتنی ڕاگرتنی جەنگ و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە کردووە.