پایتەخت

ڕێباز حەملان: ناردنی مووچە تەنیا 7 خولەکی پێویستە

ڕێباز حەملان: ناردنی مووچە تەنیا 7 خولەکی پێویستە
کورتە

ڕێباز حەملان هۆکاری نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات

 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیاری لە داهاتی ناوخۆی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 5 ڕەوانەی هەرێم بکرێت بەڵام هێشتان پارەکە نەگەیشتووە، ڕێباز حەملانیش دەڵێت: "پارە ناردن تەنیا 7 خولەکی پێویستە".

 ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەبارەت بە ڕەوانە نەکردنی مووچە لەلایەن عێراقەوە ڕایدەگەیەنێت، هیچ کێشەیەک نییە بۆ نەناردنی مووچە و پێدەچێت بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق مووچەی مانگی حەوت دەستپێدەکات، پارەی پێویست لە بەردەست نەبێت بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕێکارەی لە بەغدا پێویستە بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، تەنیا 7 خولەکی پێویستە، چونکە بەغدا بە سیستمی ئارچی پی ئێس مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەمەش بە 7 خولەک دەکرێت.

ناوبراو، دووپاتی کردەوە، حکومەتی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوام پارەی کاشی لەبەردەستە، هیچ کێشەی پارەی سیویلە نیە.

سەبارەت بە هێنانەوەی بیانووی عێراق بۆ نەناردنی مووچە ئاماژەی بەوەکرد، هیچ بیانویەک نیە بۆ نەناردنی، هیوادارین لەزووترین کاتدا تەمویلی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراق بکرێت.

ڕێباز حەملان ڕوونیکردەوە، پارە  لەبەردەستدایە و هەرکات وەزارەتی دارایی عێراق نووسراومان بۆ بکات ڕاستەوخۆ تەمویلی دەکەین.

23 تەمموز 2025 16:21
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025