پایتەخت

شاندێکی هەرێم لەسەر پرسی خەرجکردنی مووچە لە بەغدایە

شاندێکی هەرێم لەسەر پرسی خەرجکردنی مووچە لە بەغدایە
کورتە

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکات

 

ئەمڕۆ چوار شەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرانی گشتیی ژمێرکاری و بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدایان کردووە و لەسەر پرسی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ کۆببێتەوە. 

هاوکات هەردوو شاندەکە وردبینی بۆ داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پشکی حکوومەتی فیدراڵیش لەو داهاتانە دیاری دەکەن، وە بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا کارەکانیان تەواو بکەن.

هەر بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، تیمێکی کار لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم پێک دێت، بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و وردبینی و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، لە مانگی 5ـی 2025ـەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەهاکانی تێکڕای داهاتە نانەوتییەکان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەکانی کە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم لە کاتی جێبەجێکردنی یاسای بەرکاری بودجەی گشتی فیدراڵەوە پێشکەش کراون، پێویستە ئەم تیمە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەسەری.

جێی باسە هەر دوێنێ سێ شەممە، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم 120 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا کرد، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 5ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاینەگەیاندووە، کە پارەکە خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

درەنگانی شەوی ڕابردووش، سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بەڵام بەیەک مەرج، ئەویش بریتییە لە: "پێویستە حكومەتی هەرێم پابەندییە داراییەكانی سەرشانی بەگوێرەی یاسا و دەستوور جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی دەرفەت لەبەردەم وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بڕەخسێت تا لە جێبەجێكردنی ئەركە داراییەكانی بەردەوام بێت".

23 تەمموز 2025 13:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025