پایتەخت

حکومەتی سووریا: 4 وڵات لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەوڵی تێکدانی دۆخی وڵاتەکەمان دەدەن

حکومەتی سووریا: 4 وڵات لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەوڵی تێکدانی دۆخی وڵاتەکەمان دەدەن
کورتە

سووریا وڵاتانی دیکە بە تێکدانی دۆخی وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکات

 

بە گوێرەی وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا، سەدان هەزار هەژماری ساختە و فەیک، لە وڵاتانی دیکە هەوڵی سەرلێشێواندن و بەلارێدابردنی ڕای گشتی سووریەکان دەدەن، هەرچەندە خۆیان دۆخیان هێندە باش نییە و دەیان قەیرانی دیکەی جۆراوجۆر بەرۆکی گرتوون.

 حەمزە ئەحمەد، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان و هۆزەکانی وڵاتەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ شەڕی دەروونیی دژی یەکتر و نمایشکردنی هێز و توانایان بەکاردەهێنن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، 4 وڵات، بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەکان بهێنێت، هەوڵی تێکدانی دۆخی سووریا دەدەن، بەشێوەیەک، لانیکەم 300 هەزار هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان هەن، کە هەوڵی سەرلێشێواندن و بەلارێدابردنی خەڵکی سووریا دەدەن، وە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە کە تا ئێستا لەسەریان هەڵنەگیراون، ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیای پلاتفۆڕمەکان دروست بکەن بۆ سنوورداکردن و داخستنی ئەو هەژمارانە.

هاوکات لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دیاردەی هەژماری ساختە لە سووریا زۆر بە بەربڵاوی دەرکەوتووە، بەجۆرێک ڕۆژ هەیە لە 10 هەزار هەژماری ساختە لەو وڵاتە بۆ شەڕی دەروونی گرووپ و هۆزەکانی سووریا دروستکراوە.

جێی باسە تاوەکو ئێستا، ژمارەی کوژراوان لە هەموو لایەنەکانی شەڕی نێوخۆیی سوەیدای سووریا، گەیشتووەتە زیاتر لە 1000 کەس، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات لە پەلکێشانی دۆخەکە بۆ تووندوتیژیی زیاتر.

23 تەمموز 2025 10:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025