ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوی نەوت کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و دوو تەوەر تاوتوێ دەکات
بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کوردستان ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەربارەی دوو تەوەری گرنگ دەکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەوەری یەکەمدا پێشهاتەكانی ئەمدواییەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دواڕێككەوتن و لەیەكترگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیی پەسندكراو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی تاووتوێ دەكرێ.
لە تەوەری دووەمدا، كۆنووسی كۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دەقی ڕێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بە مەبەستی دانانی میكانیزمی ڕێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێم تاووتوێ دەكرێ.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێ شەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوەتی ڕادەستی بەغدا کرد، کە لە کاتێکدا، نزیکەی 90 ڕۆژە حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە.