پۆلیسی هەولێر: منداڵێک بەهۆی شەڕە تەقەی کۆڕێ گیانی لەدەستدا
پۆلیسی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی لەسەر ڕووداوی شەڕە تەقەکەی شارەدێی کۆڕێ بڵاوکردەوە.
شەڕە تەقە لە نێوان دوو بنەماڵە لە شارەدێی کۆڕێ ڕوویدا و پۆلیسی هەولێر زانیاری ورد و درشتی لەسەر ڕووداوەکە ئاشكرا کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە 8-6-2026 لە کاتژمیر 11ـی شەو ڕووداوێکی تەقەکردن لە نێوان دوو بنەماڵە لە شارەدێی کۆڕێ ڕوویدا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کردەوە.
هێزەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانیان ناسنامەی تۆمەتبارانی سەرەکی دەستنیشان بکەن و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام، چوار تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکەی پۆلیسی هەولێر، لە ئەنجامی تەقەکردنەدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تویوتا لاندگرۆز - ڕەنگی ڕەش) بە ژمارە (21G32608) زیاتر لە 8 فیشەکی بەرکەوتو منداڵێک بەناوی (ڕۆژین محمد عبدالرحمن) کە تەمەنی تەنها 4 ساڵ بوو و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا فیشەکی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، دەرکەوت کە کێشەکە ڕۆژێک پێشتر و لە کاتی یاری تۆپی پێ لە یاریگای کۆڕێ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبووە، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا هیچ لایەنێکیان سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن. پاشان لە شەوی دواتردا لە بازاڕی کۆڕێ دووبارە ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و تەقە کراوە.