پایتەخت

ڕێکاری نوێ دژی گزی کردن دەرکرا

 ڕێکاری نوێ دژی گزی کردن دەرکرا
کورتە

وەزارەتی پەروەردە زنجیرەیەک بڕیار و ڕێنمایی بۆ تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی دەرکرد

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی بۆ ڕێگریکردن لە گزی و دزەپێکردنی پرسیارەکان تووندتر دەکات و ته‌نانەت بۆ مامۆستایانیش هێڵی سوور دیاری دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردە بۆ دابینکردنی یەکسانی و پاراستنی شەفافییەت، زنجیرەیەک بڕیار و ڕێنمایی نوێی بۆ تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان دەرکرد، یەکێک لە ڕێنماییەکان بردنە ژوورەوەی مۆبایل، کاتژمێری زیرەک و هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنییە بۆ ناو هۆڵەکان بە تەواوی قەدەغە کرا، ئەم بڕیارە تەنیا قوتابییان ناگرێتەوە، بەڵکو چاودێران و سەرپەرشتیارانیش دەگرێتەوە، بە جۆرێک ئەگەر هەر مامۆستایەک مۆبایل بباتە هۆڵەکەوە، وەک "هاوکارییکردن لە گزی" هەژمار دەکرێت و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

لە نووسراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی هاوشانی پەڕەی پرسیار و پەڕەی وەڵام (سۆما) کردووەتەوە لەلایەن قوتابییانەوە، بەپێچەوانەوە هەر قوتابییەک پرسیارەکەی نەگەڕێنێتەوە، نمرەی ئەو بابەتەی بۆ هەژمار ناکرێت. هاوكات وێنەگرتنی پرسیارەکان و بڵاوکردنەوەیان لە سۆشیاڵ میدیا بە تەواوی قەدەغەیە و میکانیزمێکی تایبەت بۆ ناسینەوەی سەرچاوەی هەر وێنەیەک جێبەجێ دەکرێت بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.

بۆ ڕێگریکردن لە شڵەژانی قوتابییان، ڕووماڵی میدیایی لە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا قەدەغە کراوە و ڕاگەیاندنەکان تەنیا دەتوانن زانیاری و ئامارەکان لە ڕێگەی گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەوە وەربگرن.

سەبارەت بە وادەی تاقیکردنەوەکان خولی دووەمی  پۆلی 9 لە 15-06-2026 دەستپێدەکات، تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی) خولی یەکەم لە 14-06-2026 دەستپێدەکات و لە 08-07-2026 کۆتایی دێت، هەروەها خولی دووەمی پۆلی 12 بۆ ڕێکەوتی 11-08-2026 دیاری کراوە.

08 حوزەیران 2026 10:29
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026