پایتەخت

جەنگ دەستیپێکردەوە

جەنگ دەستیپێکردەوە
کورتە

ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکانی دوێنێی شەوی ئێرانی دایەوە و مەترسی سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی سەرتاسەری هەیە.

ئیسرائیل 20 ئامانجی سەربازیی لەنێو قووڵایی خاکی ئێران پێکا و بەرپرسانی ئەمریکاش دووربوونی خۆیان لەم ئۆپەراسیۆنە ڕادەگەیەنن.

هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی چاوەڕواننەکراودا، زنجیرەیەک پێگەی سەربازی و بنکەی هەڵدانی مووشەکی "زەوی بۆ زەوی"یان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێران کردە ئامانج، ئیفی دیفرین گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "هێرشەکان بە وردی 20 خاڵی دیاریکراویان پێکاوە، کە تیایدا ژێرخانی کەرتی وزە و بنکە ستراتیژییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج." ئەم هێرشانە لە شارەکانی تاران، ئەسفەهان، تەورێز و کرماشان هەستیان پێکراوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێزیان لێوە هاتووە.

ئەم هێرشانەش لە کاتێکدایە کە بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشکرا داواکارییەکی ترەمپی ڕەتکردەوە، ترەمپ پێشتر داوای لە نەتانیاهۆ کردبوو کە پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبات و هێرش نەکاتە سەر تاران، بەڵام سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەتەنیاهو ڕاستەوخۆ دوای پەیوەندییەکەی ترەمپ، فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی دەرکردووە، لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا جەختی کردەوە و گوتی: "واشنتن هیچ بەشدارییەکی لەم هێرشانەدا نەبووە،" و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "سنووردار" وەسف کرد.

تەقینەوەکانی ناو ئێران کاردانەوەی خێرای گرووپەکانی ناوچەکەی لێکەوتەوە، تەنیا کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، مووشەکێکی بالیستی لە یەمەنەوە ئاراستەی ناوەڕاستی ئیسرائیل کرا، کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی تەلئەڤیڤەوە تێکشکێنرا، ئیسرائیل هەڕەشەی تووندی ئاراستەی حزبوڵڵای لوبنان کردووە کە لە ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەک، پێگەکانیان بە تووندی بۆردوومان دەکرێت.

ئاژانسی فار نیوز ڕایگەیاند، کۆمپانیای پترۆکیمیایی بەندەر ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کۆمپانیاکە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، سوپای ئیسرائیلیش ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کەوا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان کۆمپانیای پترۆکیمیایی بووە.

چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن لەم گرژییانە، کە دوای ئاگربەستی 8ی نیسان هاتوون، نەک تەنیا دانوستانەکانی تاران و واشنتن پەکدەخەن، بەڵکو مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەرییان لێدەکرێت، بەتایبەت کە ئێران هەڕەشەی کردووە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج.

08 حوزەیران 2026 10:10
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026