زانیاری نوێ له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ئاشكرا ده‌بێت

پارتی و یه‌كێتی نزیكن له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و به‌نیازن پێش هه‌ڵبژاردنی عێراق سه‌ركه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ڕابگه‌یه‌نن
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ یه‌كه‌مجار ئاشكرای ده‌كات، پارتی و یه‌كێتی هاوڕاییان نیشانداوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته به زووترین كات كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكبهێندرێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتی هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته پێش هه‌لبژاردنی عێراق، كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكبهێندرێت و بۆ ئه‌مه‌ش لێكتێگه‌یشتنی باش و هه‌وڵی جیددی هه‌یه.
سه‌عدی پیره له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا له‌سه‌ر هێڵن و داوایان كردووه به‌خێرایی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكبهێندرێت و ئه‌م دۆخه چه‌ق به‌ستوویییه تێپه‌ڕێندرێت و ئه‌وان له قازانجی ئێمه داوای پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی به‌یه‌كه‌وه بن ئه‌وا كلیلی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه.