یهكێتییهكهی بافڵ تاڵهبانی؛ لە سەروەریی دیپلۆماسییەوە بۆ حوکمی میلیشیایی
خوێندنەوەیەکی بنکۆڵکاری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە نێوان جەلال تاڵهبانی و بافڵ تاڵەبانی كوڕدا.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان (PUK) لە ساڵی 1975 لەسەر بنەمای فرەیی فیکری و بیرکردنەوە دامەزرا. جەلال تاڵەبانی (1933-2017) توانیبووی حزبەکە وەک چەترێکی کۆکەرەوە بۆ سۆسیالیست، لیبراڵ و مارکسیستەکان بهێڵێتەوە. بەڵام لە دوای 2017 و بەتایبەت لە ژێر سێبەری بافڵ تاڵەبانی (لەدایکبووی 1973)، حزبەکە ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵ بووەتەوە؛ لە حزبێکی سیاسیی دیپلۆماسییەوە بۆ ڕێکخراوێکی ئەمنی-خێزانی کە تێیدا هێز جێگەی دیالۆگی گرتووەتەوە.
یەکەم: پارادۆکسی پەروەردە لهنێوان دیپلۆماتکار و جەنگاوەردا
جەلال تاڵەبانی (باوک): دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدا بوو (1959). عەقڵییەتی ئەو لەسەر بنەمای مانۆڕی سیاسی و هاوسەنگی دامەزرابوو. ئەو بڕوای بەوە هەبوو کە سیاسەت هونەری مومکینەکانە. تەنانەت لە سەختترین كاتهكانیشدا هەمیشە دەرگای گفتوگۆی بە کراوەیی دەهێشتەوە.
بافڵ تاڵەبانی (کوڕ): پەروەردەی ئەو لە ناوەندە سەربازییەکانی وەک لژیۆنی بیانی فەرەنسی و هێزە تایبەتەکانی بهریتانیا بووە (Alkhanadeq, 2021). ئەم پاشخانە وای لێکردووە کە عەقڵییەتی فەرمان و جێبەجێکردن پەیڕەو بکات. ئەو لەبڕی زمانی سیاسهت و گفتوگۆی دیبلۆماسییانه، پشت بە دەزگای زانیاری و هێزی دژەتیرۆر دەبەستێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، ئەمەش حزبەکەی لە فەزایەکی مەدەنییەوە كردووهته سەربازگەیەک و سلێمانیش بووهته ناوچهیهكی مهترسیداری ژیانكردن بۆ ئهوانهی پێچهوانهی ناوبراو بیردهكهنهوه.
دووەم: 16ی ئۆکتۆبەری 2017؛ یەکەمین درزی نیشتمانی
ئەم مێژووە وەک خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بافڵ تاڵەبانیدا دەبیندرێت. لە کاتێکدا جەلال تاڵەبانی هەمیشە وەک پارێزەری کەرکووک دەناسرا، بافڵ تاڵەبانی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، ڕێگەی بۆ هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق خۆش کرد. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە ڕێککەوتنێکی نهێنی دەکەن لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و هادی عامری بە سەرپەرشتی قاسم سولەیمانی (Al Jazeera Centre for Studies, 2017). كه له ئهنجامدا به لەدەستدانی 50%ی خاکی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک كۆتایی پێهات. پێشتر مام جەلال كهركووكی بە قودسی کوردستان ناو دەبرد، ئهمهش لە پێناو پاراستنی پێگەی كورد و هاوكات بهرژهوهندییه خێزانییهكانی لە سلێمانی.
سێیەم: کودەتای 8ی تهمووزی 2021؛ ناشتنی دیموکراسیی ناوخۆیی
لە کاتێکدا مام جەلال هەمیشە شانازی بەوەوە دەکرد کە یەکێتی حزبی باڵەکانە، حزبی ئازادی و بیر و ڕای جیاوازه بافڵ تاڵەبانی لە 8ی تهمووزی 2021دا کۆتایی بەو مێژووە هێنا. له بهرواری ئاماژه پێكراو، بافڵ تاڵهبانی هێزی چەکداری بۆ گۆڕینی سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان و دوورخستنەوەی لاهوور تاڵهبانی هاوسەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆنگرە بهكارهێنا. بافڵ تاڵهبانی، لایەنی بەرامبەری 'كه دهكاته لاهور تاڵهبانی ئامۆزای' تۆمەتبار کرد بە هەوڵی کوشتنی لە ڕێگەی ژەهرەوە، بەڵام دواتر نهیتوانی به هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ئهم تۆمهتهی بسهلمێنێت. (Report, 2021 Alestiklal). دواتر ئهم تۆمهته به بیانوویهك بۆ پاكتاوی سیاسی ناوبرا.
چوارەم: باوك پاره بۆ حزب و كوڕ پاره بۆ قومار خهرج دهكات
مام جەلال بەوە دەناسرا کە پارەی بۆ حزب و خەبات و دیپلۆماسی خەرج دهكرد، بەڵام بافڵ تاڵەبانی ناوی تێوەگلاوە لە دۆسییهی دارایی گهوره. ئهمانهی خوارهوه بهشێكن له دۆسییهكانی.
1. دادگای بهریتانیا (2013): بافڵ تاڵەبانی بە بڕی 3 ملیۆن پاوەند سزا درا بەهۆی دەسیسە و پابەندنەبوون بە گرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس (UK High Court Records / Wikipedia).
2. شۆکی قومار (2024-2026): ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەکان پەردەیان لەسەر نهێنییەکی شۆکهێنەر لاداوە؛ بافڵ تاڵەبانی بڕی 31 ملیۆن دۆلاری لە قومارخانەکانی لاس ڤێگاس دۆڕاندووە، و لە دوایین گەشتیدا (ئایاری 2026) بڕی 10 ملیۆن دۆلاری دیکەی لەدەستداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سلێمانی لە قەیرانی مووچە و بژێویدایە.
پێنجەم: تیرۆری سیاسی و ڕووداوی لالهزار
قۆناغی بافڵ تاڵەبانی بە توندوتیژیی ناوخۆیی ناسراوەتەوە. کوشتنی هاوکار جاف (ئۆکتۆبەری 2022) و ڕووداوەکانی هۆتێل لالهزار، نیشانەی گۆڕانی یەکێتییە بۆ حزبێكی سەرکوتکەر. لهكاتێكدا مام جەلال نەیارە سیاسییەکانی (وەک نەوشیروان مستەفا) بە گفتوگۆ وەڵام دەدایەوە، بەڵام بافڵ تاڵهبانی نەیارە سیاسییەکانی (وەک مەلا بەختیار) بە هێزی سەربازی و داخستنی دەزگا فیکرییەکانیان (دەزگای چاودێر - ئەیلوولی 2024) تەمێ دەکات.
شەشەم: ئیفلاسی ئەخلاقی لە یادی 50 ساڵەدا
یەکێتی لە کاتێکدا بەرەو یادی نیو سەدەی تەمەنی دەچێت، کە لە ڕاستیدا لە قەیرانی ناسنامە دایە. یادکردنەوەی ڕۆژی دامەزراندن (1ی حوزەیران) کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی منداڵان، پارادۆکسێکی گەورەیە؛ چونکە سیاسەتەکانی بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی شەڕی ناوخۆیی و تیرۆری سیاسییەوە، دەیان منداڵی ئەم شارەی هەتیو کردووە.
جەلال تاڵەبانی یەکێتییەکی دروست کرد کە قوتابخانەی سیاسەت بوو، بەڵام بافڵ تاڵەبانی گۆڕیویەتی بۆ کۆمپانیایەکی ئەمنی-خێزانی. دۆڕاندنی ملیۆنان دۆلار لەسەر مێزی قومار، سڕینەوەی جەستەیی هاوسەنگەران، و مامەڵەکردن بە خاکی نیشتمانەوە، وایکردووە کە سەردەمی بافڵ وەک تاریکترین قۆناغ لە مێژووی یەکێتیدا تۆمار بکرێت. مۆمەکانی یادی 50 ساڵەی یەکێتی، ئیتر بۆنی ئازادییان لێ نایەت، بەڵکو بۆنی خوێن و دووکەڵی ململانێیەکی توند و تاکڕەوانەیان لێ دەستێت.