ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و قاسم ئەلئەعرەجی
لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ئاڵای کوردستان پێشوازی لێکرا.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و عێراق لە تەنیشت یەکتر پێشوازی لەسەرۆکوەزیرانی هەرێم کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ قاسم ئەلئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پاراستنی سەقامگیریی وڵات تاوتوێ کران.
قاسم ئەلئەعرەجی جەختی لە گرنگیی ئەم سەردانە کردەوە و ئاماژەی بە مێژووی خەبات و قوربانییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی دیاری لە بنیاتنانی سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا کرد. لای خۆشیەوە، مەسرور بارزانی سوپاسی ههوڵهكانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کرد لە پاراستنی ئاسایش و پاڵپشتیکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پشتگیریکردنی حکومەتی فیدراڵ بۆ خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور، سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان.