عێراق لەبارەی تای خوێنبەربوون هۆشداری تووند دەدات
تەندروستیی عێراق هۆشداریی تووند دەدات و مەترسییەکانی تای خوێنبەربوون لە جەژنی قورباندا زیاد دەبن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی بە نەخۆشی "تای خوێنبەربوون" لە چەندین پارێزگای وڵات ڕاگەیاند، هاوکات هۆشداری دەدرێت لەوەی کە بەهۆی نزیکبوونەوەی ڕۆژانی جەژنی قوربان و پرۆسەی قوربانیکردنەوە، بڵاوبوونەوەی خێراتری ئەم پەتایە لەئارادایە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی کوشندەیە کە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، عێراق ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین ڕووبەڕووی ئەم پەتایە دەبێتەوە و لە ئەمساڵیشدا چەندین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور تۆمارکراون.
دکتۆر عەلی عەبدولحوسێن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری زەیقار ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە پارێزگای زەیقار 41 حاڵەتی تووشبوون و چوار گیانلەدەستدان تۆمارکراون، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی عێراق".
مەترسییەکانی ئەم پەتایە تەنیا لە باشوور نەماونەتەوە، بەڵکو گەیشتوونەتە ناوچەکانی باکووریش، بەشێوەیەک لە پارێزگای نەینەوا 2 حاڵەتی نوێی تووشبوون لە نێوان گەنجاندا لە ناحیەی گەیارە تۆمارکراون، ئەمەش نیشانەی ڕوودانی شەپۆلێکی نوێی بڵاوبوونەوەیە لەم وەرزەدا.
وەزارەتی تەندروستی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی کڕینی گۆشت و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵدا بەوپەڕی وریاییەوە ڕەفتار بکەن و لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دووربکەونەوە، بەتایبەت لە ڕۆژانی جەژندا.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی نەخۆشییەکە بە شارەکان ڕێکاری تووندی گرتووەتەبەر، بەپێی بڕیارە نوێیەکان سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان بە تەواوی قەدەغە کراوە و چاودێرییەکی وردی ڤێتێرنەری بەسەر بازاڕەکانی گۆشت و ئاژەڵدا سەپێندراوە.