پایتەخت

ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێندراو دەبێت

ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێندراو دەبێت
کورتە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی زانیاری نەبیستراو لەسەر دوایین هەوڵەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ دانوستان ئاشکرا دەکات.

ئێران و ئەمریکا لە ڕێککەوتن نزیک دەبنەوە و دەنگۆی دەستبەرداربوونی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەیە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، کێشەی چەقبەستوویی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو چارەسەربوون دەچێت، تاران پرەنسیپی دەستبەرداربوون لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئاستبەرزی خۆی قبووڵ کردووە، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەم هەنگاوەش وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا سەیر دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە نزیکبوونەتەوە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکانی شێوازی ڕادەستکردن یان لەناوبردنی کۆگای یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بۆ قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان جێهێڵدراوە.

ڕاپۆرتەکە دەری دەخات کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشاری تووند دەکاتە سەر تاران بۆ ئەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی و گشتی لەمبارەیەوە بڵاوبکاتەوە، ئامانجی واشنتن لەم داواکارییە قایلکردنی کۆمارییەکانی ناو کۆنگرێسی ئەمریکایە کە ڕەخنەی تووند لە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو دانوستانەکانەوە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر ئێران بە فەرمی و بە شێوەیەکی گشتی ڕایبگەیەنێت کە دەستبەرداری پیتاندنی ئاستبەرز دەبێت، ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکان".

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران لە ئێستادا خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی %60، کە زۆربەی لە ژێر زەوییەکانی بنکەی ئەتۆمی ئەسفەھاندا حەشار دراوە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن، تاران لە قۆناغی یەکەمدا بە توندی دژی هێنانەباسی ئەم بابەتە بووە، بەڵام دوای ئەوەی لایەنی ئەمریکی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بۆردوومانکردنی بنکەی ئەسفەهانی کردووە، ئۆفیسی دانوستانکاری ئێران ناچار بە پاشەکشە بووە.

24 ئایار 2026 09:50
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026